کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لەگەڵ نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات

11:13 - 21 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: شاندێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستانی سووریە سەردانی بنکەی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە هەولێر کرد.

ڕێکەوتی ١٩ی بانەمەڕ، شاندێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستانی سووریە بە سەرپەرەستیی "نەواف ڕەشید"، سەرۆکی نوێنەرایەتیی ENKS، سەردانی بنکەی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە هەولێر کرد و لە لایەن "محەمەدساڵح قادری"، بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکرات، پێشوازییان لێ کرا.

سەرۆکی نوێنەرایەتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریە، "نەواف ڕەشید"، وێڕای بەرزنرخاندنی خەباتی نەتەوەیی حیزبی دێموکرات و دەربڕینی خۆشحاڵی لەو دیدارە، ئاوڕێکی لە دۆخی کورد لە کوردستانی ڕۆژئاوا و هەلومەرجی خەباتی ئەو بەشەی کوردستان دایەوە و هاوکات پرسی سووریە و هەڵوێستی لایەنە نێونەتەوەیی و ناوچەییەکان و ڕوانینی ئەنجومەنی نیشتمانی لەو پەیوەندییەدا خستە ڕوو.

لە درێژەی دیدار و چاوپێکەوتنەکەدا بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکرات، "محەمەدساڵح قادری"، بە خوێندنەوەیەک لە هەڵوێست و ڕوانینی لایەنە نێونەتەوەیی و ناوچەییەکان لە هەمبەر پرسی کورد و هەلومەرجی ڕۆژهەڵاتی ناوین و گۆڕانکارییەکان، ئاوڕی لە سیاسەت و کردەوە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و سپای تێرۆسیستی پاسدارانی ئەو ڕێژیمە بە نیسبەت ناوچە و جیهان، بەتایبەت پرسی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و دواپێشهاتەکانی ناوچەکە، دایەوە و هەڵوێست و سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە هەمبەر سەرجەم پرسە باسکراوەکان خستە ڕوو .

کۆبوونەوە لە نێوان هەر دوو شاندی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستانی سووریە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە پێداگری لە پاراستنی پرنسیپە نەتەوەییەکان و پشتیوانی لە خەباتی هەر کام لە پارچەکانی کوردستان کرا.