کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیسان ڕووداوی دڵتەزینی هاتووچۆ دەیان هاووڵاتی کردە قوربانی

10:13 - 27 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: پێکدادانی ئۆتۆبووس و تانکرێکی نەوتهەڵگر، زیاتر لە ٢١ کوژراوی لێ کەوتەوە.

جەواد دروستکار، بەرپرسی ناوەندی ئیتلاعاتی میدیایی پۆلیسی شاری ئیسفەهان، هەواڵی پێکدادانی ئۆتۆبووسێکی ئیسکانیای موسافرهەڵگری سەر بە  شیرکەتی "هەمسەفەر" لەگەڵ تانکرێكی بارهەڵگر لە ناوچەی "بادروود - نەتەنز" ڕاگەیاند، کە کوژرانی ٢١ کەسی لێ کەوتەوە.

ناوبراو لەو بارەوە زانیار زیاتری خستە بەردەست و ڕایگەیاند: ڕۆژی دووشەممە، ٢٦ی خەرمانان، ئۆتۆبووسێکی موسافرهەڵگر کە لە تارانەوە بەرەو کرمان بەڕێوە بووە، لەگەڵ تانکرێک کە هەڵگری نەوت بووە، پێک دەدەن و دەبێتە هۆی وەرگەڕانی تانکرەکە و بەم هۆیەوە ئاگر دەگرن.

بەپێی ڕاپۆرتی ئورژانسی شاری کاشان، ئەم ڕووداوە، کە برینداربوونی ٢٧ کەسی لێ کەوتەوە، بە هۆی خەو لێکەوتنی شۆفێری ئۆتۆبووسەکە ڕووی داوە.

سەیدمحەممەد هادی ئەیازی، جێگری کاروباری کۆمەڵایەتیی وەزارەتی بێهداشت لە وتووێژێکدا، بە ئاماژەدان بە ڕووداوەکانی هاتووچۆ وەک یەکێک لە کارەساتە کۆمەڵایەتییەکان کە گیانی زۆرێک لە خەڵک دەخاتە مەترسییەوە ڕایگەیاند: "ساڵی ڕابردوو ١٦ هەزار و ٣٠٠ کەس بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆوەوە لە ڕێگاوبانەکانی وڵات گیانیان لە دەست داوە و ٣٣٦ هەزار کەسیش بریندار بوون".

پێشتریش لە ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەڕ، لە ئاکامی پێکدادانی تانکرێکی نەوتهەڵگر لەگەڵ ئۆتۆبووسێکی موسافرهەڵگر لە گاراجی گەورەی شاری سنە،  ١٥ کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

سەرەڕای ڕووداوە دڵتەزێنەکان کە بە هۆی لە بەرچاو نەگرتنی یاساکانی شۆفێری، خراپی بارودۆخی ڕێگاوبانەکان بە سەرەکیترین هۆکارەکانی ڕوودانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە ڕێگاوبانەکانی ئێران لە قەلەم دەدرێت.