کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیوارەکانی بۆکان بە ئاڵای کوردستان نەخشێندران

18:37 - 5 خاکەلێوه 2720

ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، بۆ پشتیوانیکردن لە حیزبی دێموکرات، زۆربەی دیوارەکانی شاری بۆکانیان بە ئاڵای کوردستان نەخشاند.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە هەڵمەتێکی بوێرانە و لە چالاکییەکی بەربڵاودا، بە نووسینەوەی دروشم و کێشانەوەی ئاڵای کوردستان لەسەر دیواری شوێنە جیاوازەکانی شاری بۆکان، پشتیوانییان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد.

ئەو شوێنانەی کە چالاکیی لێ ئەنجام دراوە بریتین لە: "شیرکەتی کۆخان، قەباکەندی، ڕێگای دێ مەلا نزیک پۆمپی چەڵەبی، پردی میرزا ڕەسووڵ، سەرچۆمی مەجیدخان، لای پۆلیسڕا، سەر ڕێگای سەرەکیی نێوان گوندەکانی سەوزی و دێ مەلا، چوونە ژوورەوەی گوندی سەوزی، نێوان دێ مەلا و پۆمپی چەڵەبی".

ئەو دروشم و ئاڵایانە کە لەلایەن تێکۆشەرانی دێموکراتەوە کێشرابووەوە، کاتژمێر ١٠ی بەیانی لەلایەن ڕێژیمەوە سڕدراونەتەوە و ڕەنگی ڕەشیان بەسەردا دراوەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا قارەمانانی دێموکرات لە بانە بە جلوبەرگی خاکی و جامانەوە و بە لێدانی ئاڵای کوردستان و لۆگۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر باڵیان، وەک سیمبولی پێشمەرگە لە بەردەم "ستادی ناوەندیی سپای پاسداران" ڕاوەستاون.

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شارەکانی کوردستان، بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغی تەنانەت لە دۆخە قەیراناوییەکاندا دەیسەلمێنن کە لە هەموو بارودۆخێکدا پشتیوان و پاڵپشتی حیزبن.