کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٥ دیپلۆمات و ئەفسەری ئیتلاعاتیی ئامریکا لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە تەحریم کران

11:57 - 21 رەزبەر 2720

سەرۆکی ستادی مافی مرۆڤی ڕێژیمی ئێران بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعات، ٤٥ کەسایەتیی حقووقی و حەقیقی کە دەستیان لە پەسندکردنی گەمارۆکان دژی ئێراندا هەبووە خستووەتە لیستەی تەحریمەکانەوە.

"عەلی باقری" وتوویەتی، ئەو هەوڵەی ئێمە لە دژی هەوڵەکانی ئامریکایە، چونکە ئامریکا گەمارۆی زاڵمانەی دژی ئێمە پەسند کردووە و سپای پاسدارانی وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساندووە.

ئەو کەسانەی کە ڕێژیمی ئێران گەمارۆی خستوونەتە سەر، دیپلۆمات و ئەفسەرانی ئیتلاعاتیی ئامریکان کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە وڵاتانی ناوچەدا بازرگانیی ئێرانیان خستووەتە ژێر چاودێرییەوە.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم باسی لەوەش کردووە، گەمارۆکانی ئامریکا دژی ئێران بووەتە هۆی ئەوەیکە کەلوپەلی پزیشکی بۆ ئێران هەناردە نەکرێت.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران ئیدعا دەکەن کە بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکاوە ناتوانن کەلوپەلی پزیشکی هاوردە بکەن، بەڵام ئامریکا بەردەوام ڕایگەیاندووە، خۆراک و دەرمان لە لیستەی گەمارۆکاندا نییە و ئێران دەتوانێت بیکڕێت.

پێشتریش "ستیڤێن مێنووچێن" وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا وتبووی: "گەمارۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لەمپەڕێک بۆ یارمەتیی مرۆڤدۆستانەی وڵاتان بە ئێران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە".

هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار ئامادەیی خۆیان بۆ ناردنی یارمەتیگەلی پزیشکی بۆ ئێران دەربڕیوە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم دەستی هاوکاریی ئامریکایان ڕەت کردووەتەوە.