کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیکتاتۆرییەکی دیکە ڕووخا

18:20 - 22 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: دوای ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی سوودان دژی دەسەڵاتی "عومەر ئەلبەشیر" بۆ هەمیشە کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هات.

"ئەحمەد عەوەز بن عەوف" وەزیری بەرگریی سوودان، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی خاکەلێوە لە ڕاگەیەندراوێکدا بە فەرمی ڕووخانی دەسەڵاتی "عومەر ئەلبەشیر"ی ڕاگەیاند و گوتی ئەرتەش، ئەلبەشیر دەپارێزێت.

وەزیری بەرگریی سوودان باسی لەوە کردووە هەتا کاتی هەڵبژاردنەکان ئەرتەش ئەرکی بەڕێوەبەرایەتیی لە ئەستۆیە.

میدیاکانی دەوڵەتی سوودانیش لە زاری بەرپرسانی ڕێکخراوی ئیتلاعات و ئەمنییەتی ئەو وڵاتە بڵاویان کردووەتەوە  کە سەرجەم زیندانیانی سیاسی لەو وڵاتە ئازاد کراون.

ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە وڵاتی سوودان لە مانگی دێسامبرەوە دەستی پێکرد و ناڕازییان دژی دەسەڵاتی "عومەر ئەلبەشیر" ڕژانە سەر شەقامەکان.

عومەر حەسەن ئەلبەشیر لەدایکبووی ١٩٤٤، لە ساڵی ١٩٨٩دا کاتێک ئەندامی ئەرتەشی سوودان بوو، لە کوودتایەکی بێ خوێنڕشتندا، سادق ئەلمەھدی، سەرۆک وەزیرانی کاتی نایه لاوە و بە دەسەڵات گەیشت.

لە ٢٠٠٤دا بە گرێبەستێک شەڕی ناوخۆی باشوور و باکووری سوودانی کۆتایی ھێنا. بە ھۆی دەوری سەرکیی لە ڕووداوی دارفوور کە تێیدا ٢٠٠ھەزار کەس بە تاوانی غەیری عەرەببوون کوژران، لە لایەن دادگای جینایی نێونەتەوەیی تاوانبار ناسرا و ڕووداوەکە وەک ژینۆساید ناسێندرا.

ئەلبەشیر لە ساڵی ١٩٨٩ی زایینییەوە بۆ ماوەی نزیک بە ٣٠ ساڵ دەسەڵاتی بەدەستەوە بوو.