کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دێگەڵە؛ بۆ ڕێزلێنان لەو ژنانەی کە ٢٠ ساڵە ئەندامی حیزبن، ڕێوڕسمێک بەڕێوە چوو

12:32 - 27 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هاوکاریی یەکەی بەڕێوەبەریی کەمپی "دیگەڵە"، بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی ئەندامانی حیزب کە ٢٠ ساڵە ئەندامن، لە کەمپی "دێگەڵە" ڕێوڕەسمێکیان پێک هێنا.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە ڕۆحی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد.

پاشان لەلایەن پێشکەشکارانی ڕێوڕەسمەکە "سۆران چوپانی و خەدیجە خزرپوور" بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا و دواتر داوا لە "عەلی سۆرانی" بەرپرسی یەکەی "دێگەڵە" کرا کە وتەکانی سەبارەت بە ئامانجی ڕێوڕەسمەکە پێشکەش بکات.

لەو ڕێوڕەسمەدا "کاوە عەبداڵی" بەرپرسی ڕێکخستنی حیزب لە دەرەوی وڵات و هەروەها "شەهرام حەمیدزادە" بەرپرسی ڕێکخستنی ئاشکرای حیزب لە هەرێمی کوردستان و کادری دەزگای ڕێکخستن "محەمەد سەیفوری" بەشدار بوون.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا "شەهرام حەمیدزادە" چەند وتەیەکی پێشکەشی بەشداربووان کرد. لە نێوەڕۆکی وتەکانیدا باسی لە سێ قۆناغ کرد کە ژنان لە خەباتی حیزبی دێموکراتدا ڕوڵ و کاریگەریی گرینگیان گێڕاوە:

قوناغی یەکەم، کاتی شەڕی بەردەوامی حیزب لەگەڵ ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران کە ژن هاوکات هەم پێشمەرگە بووە وهەم پشتیوان و هەم کەرەستەی پێویستیان بۆ شەڕ لە بواری خۆراکەوە لە ئەستۆ بووە و دەیان شەهیدیان لەم قوناغەدا پێشکەش کردووە.

قوناغی دووەم، شاخ و شەڕی پارتیزانیی حیزب لەگەڵ ئەو ڕێژیمە کە ژنان هەم پشتیوانی هاوسەرەکانیان بوون و هەم دایکایەتی و هەم منداڵەکانیان لە هێرش وهەڕشەی تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران پاراستووە و هەم ئەرکی مامۆستایەتی و پەروەردەکردنی منداڵەکانیان لەسەر شان بووە.

قوناغی سێیەم، لە ژیانی نێو کەمپ و دواتریش "ڕاسان" ستراتێژیی نۆی خەباتی حیزب کە وەک پێشمەرگە و وەک دایک و وەک مامۆستا ئەرکیان بەڕێوە بردووە.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە ئێستا بەخۆشییەوە ژنان لە نێوخۆی وڵات وەک پارێزەری زمان چالاکی دەکەن و "زارا محەممەدی" و دەیان ژنی دیکەی وەکوو نموونە هێنایەوە کە بەو هۆیەوە لە بەندیخانەکانی ئەو ڕێژیمە تێرۆریستییەدان.

 پاشان لەلایەن "شاهو مەلۆ" شێعرێک لەژێر ناوی "ڕاسان" پێشکەشی بەشداربووان کرا. هەروەها "ڕەسووڵ عەبدوڵڵانژاد" بە گۆرانییەک و "زانیار یوسفزادە" بە شێعرێک لەژێر ناوی "ڕاسان وشەیەکی بوێرە" ڕێوڕەسمەکەیان زیاتر ڕازاندەوە.

لە کوتایی ڕێوڕەسمەکەدا "فاتمە شامورادی" و "ئایشە عەلی مورادی" لەلایەن دەزگای ڕێکخستنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، لەوحی بیست ساڵەیان بە دەستی "عەلی سۆرانی" بەرپرسی یەکەی "دێگەڵە" پێشکەش کرا.