کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دە تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران لە سووریە کوژران

12:28 - 13 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: لە ئاکامی هێرشی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر مۆڵگەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا، دە تێرۆریستی ئەو ڕێژیمە کوژران و ژمارەیەکیشیان بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕادیۆ دەنگی ئیسرائیل، ئێوارەی یەکشەممە، ۱۲ی جۆرەردانی ١٣٩٨، هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، لە وڵامی دوو مووشەک کە لە سووریەوە هاوێژرابوون، هێرشیان کردە سەر حەشارگەکانی هێزەکانی ئێران لە سووریەدا و دە تێرۆریستی سەربە ڕێژیمی ئێران کوژراون و ژمارەیەکیشیان بریندار بوونە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، میلیشیا تێرۆریستییەکانی ئێران لە وڵاتی سووریەدا، شەوی شەممە، ۱۱ی جۆزەردان، دوو مووشەکیان بەرەو وڵاتی ئیسرائیل هاویشتووە، کە بەر لەوەی ئامانجەکانیان بپێکن، یەکیان لە شاخی "حەرموون" لە سنووری نێوان سووریە و ئیسرائیل و ئەوی تریان لە نێو خودی سووریەدا کەوتوونەتە خوارەوە.

هێزە ئاسمانییەکانی سپای ئیسرائیل لە وڵامی ئەو مووشەکانەدا هێرشیان کردووەتە سەر مۆڵگەکانی گرووپە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران و دە تێرۆریست کوژران، کە ۳ کەسیان سەربە هێزەکانی سووریە و ۷ کەسی دیکەیان سەربە هێزە میلیشیاییەکانی ڕێژیم لەو وڵاتەدا بوون و هەروەها ژمارەیەک تێرۆریستیش بریندار بوونە.

سەرەڕای بێدەنگییەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و ئیدعاکانی بەرپرسی سپای بەشار ئەسەد سەبارەت بە پووچەڵکردنەوەی ئەو هێرشانە، چەند کاتژمێر پێش ئەو هێرشە، "حەسەن نەسروڵڵا"، سەرکردەی حیزبوڵڵای لوبنان، هەڕەشەی هێرشی بۆ سەر ئیسرائیل کردبوو.