کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرمان بۆ نەخۆشەکان لە بازاڕەکانی کوردستان و ئێراندا نییە

12:01 - 3 خەرمانان 2720

خەڵک لە کوردستان و ئێران بۆ کڕینی دەرمان بۆ نەخۆشییەکانیان بەهۆی ئەوەیکە دەرمانەکانیان دەست ناکەوێت کێشەی جیددییان هەیە.

بەهۆی نەبوونی هەندێک دەرمانی پێویست لە دەرمانخانەکان، خەڵک تووشی کێشە بوونە و سەرەڕای ئەوە ئەو دەرمانانه لە بازاڕی ئازادایشدا نییە کە خەڵک بتوانن بە پارەیەکی زۆریش بیکڕن.

دەرمانی شێرپەنجە یەکێک لەو دەرمانە پێویستانەیە کە لە بازاڕدا نییە و نەخۆشەکان نیگەرانییان بۆ دروست بووە.

جیا لە نەبوونی دەرمانی شێرپەنجە وەک دەرمانێکی تایبەت، ئەنسۆلین، ڤیتامینەکان، دێپاکین و چەندین دەرمانی دیکەی نەخۆشییە گشتییەکان لە بازاڕدا نییە.

کاربەدەستانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران نەبوونی دەرمان لە ئێران بۆ گەمارۆکانی ئامریکا دەگەڕێننەوە، بەڵام دەرمان و خۆراک لەلایەن ئامریکاوە گەمارۆی نەخراوەتە سەر.

"مەحموودڕەزا پیرۆتی" سەرۆکی گشتیی مانگی سووری ڕێژیمی ئێران ساڵی ڕابردوو باسی لەوە کرد کە ٣٥٠ هەتا ٤٠٠ جۆر دەرمان لە ئێراندا نییە.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم کێشەی ئەسڵیی نەبوونی دەرمان بۆ نەبوونی بودجە دەگەڕێنێتەوە.

"محەممەدباقر نەوبەخت" سەرۆکی بەرنامە و بودجەی ڕێژیمی ئێران لەبارەی کەمیی دەرمان وتبووی: "ئێمە لە بەرانبەر دەرمان و خۆراکیشدا ناتوانین نەوت بفرۆشین".