نرخی دەرمان لە ئێراندا بە ئاستێک گران بووە کە بووەتە جێی ناڕەزایەتیی خەڵک و ئەمە لەحاڵێکدایە کە هاوەردەکردن و کڕینی دەرمان بۆ ئێران هیچ بەربەست و گەمارۆیەکی لەسەر نەبووە.
هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بە ڕاگەیاندنە خۆجێیەکانی ڕاگەیاندووە بۆ کڕینی چەند دەرمانی سادەی پەتا ٢٦ هەزار و ٥٠٠ تمەن پارەی داوە و وتوویەتی کە ئەمە دەری دەخات کە چاوەدێرییەک بەسەر نرخی دەرمانەکاندا ناکرێت.
لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی "نەوەدی ئیقتسادی" کە ماڵپەڕێکی سەر بە ڕێژیمە نووسیویەتی؛ لە ٩ مانگەی سەرەتای ئەمساڵدا ٨٦٠ ملیۆن ١٤٠ هەزار دۆلار دەرمان بۆ ئێران هاوەردە کراوە. ئەوەش بەپێچەوانەی قسەکانی کاربەدەستانی ڕێژیمە کە دەڵێن دەرمان گەمارۆی لەسەرە و ناتوانین هاوردەی بکەین.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە بەراورد لەگەڵ هاوەردەکردنی ٩١٢ ملیۆن و ٤٨٣ هەزار دۆلار دەرمان لە ٩ مانگەی ساڵی ٩٨دا ٥.٧ لەسەد دابەزین دەبیندرێت.
هەروەها لەلایەکی دیکەشەوە "مستەفا موعین" سەرۆکی شۆرای باڵای نیزامی پزیشکیی ڕێژیم وتوویەتی: "لە یەک ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٣ هەزار پزیشک و سەدان پەرەستار لە ئێران چوونەتە دەرەوە".
پێشتریش ڕاگەیەندرابوو کە لە دەستپێکی کۆرۆناوە هەتاکوو پاییزی ئەمساڵ، ٧ هەزار پەرستار لە ئێران چوونەتە دەرەوە.