کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرمانخانەکانی ئێران توانایی کڕینی دەرمانیان نییە

11:33 - 29 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: بەهۆی نەبوونی بودجەی ڕێکخراوی بیمەی ڕێژیمی ئێران بە دەرمانخانەکان، لە ئێستادا دەرمانخانەکان توانای کڕینی دەوا و دەرمانەکانیان نییە و ناتوانن خزمەتگوزاریی پێویست بە خەڵک بکەن.

"عەلی فاتمی"، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی "دارووسازانـ"ـی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: "ڕێکخراوی بیمە بودجەی پێویست بۆ دەرمانخانەکان دابین ناکات و لەگەڵ قەیرانی جیددی بەرەوڕوو بوونەتەوە".

ناوبراو باسی لەوە کردووە: " ئەو ڕێکخراوانەی کە کاری بیمە دەکەن، نزیکەی چوار مانگ و ڕێکخراوی سەلامەتیش نزیکەی یەک ساڵە، بودجەی دەرمانخانەکان دابین ناکەن".

بیمەی "سەلامەت" بەڕێوەبەری گەڵاڵەیەکە بە ناوی "گەڵاڵەی گۆڕان" (طرح تحول) کە خزمەتگوزارییەکانی ئەو بیمەیە تەنیا ناوەندە دەرمانییەکانی ڕێژیمی لەخۆوە گرتووە.

وەزارەتی تەندروستی و دەرمانی ڕێژیمی ئێران ئیدعای کردووە کە ئەو بەشە ماڵییە زۆر کەمە، بەڵام نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران دابینکردنی بودجەی زیاتر  بۆ ئەو گەڵاڵەیە بە "لێشاوخۆر"ی وەسف دەکەن.

شیرکەتەکانی بڵاوکردنەوەی دەوا و دەرمان لە ئێراندا "ئیحتکار" دەکەن یان مافیاکان دەرمان هاوردە دەکەن، ئەو دۆخەش بووەتە هۆی ئەوەیکە دەوا و دەرمان لە ئێراندا کەم بێت.