کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرمانسازەکانی ئێران ڕەخنەی توندیان لە وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم گرت

10:54 - 23 رەشەمه 2719

دەرمانسازەکانی ئێران بەنیسبەت وادە و بەڵێنیی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم بەتوندی ڕەخنەیان گرت و باسیان لەوە کردووە، کاربەدەستان لەو وەزارەته یارمەتیی پێویست بە هاووڵاتییان نادەن.

پزیشکەکانی کوردستان و ئێران وتوویانە، وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم چەند حەتوو لەمەوبەر وادەی دابوو کە دەمامک و کەلوپەلی پزیشکی بە دەرمانخانەکان بدات بەڵام هەتا ئێستا ئەو کارە ئەنجام نەدراوە.

کەلوپەلی پزیشکی لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا کەمە و خەڵک بۆ دەمامکێک دەبی چەند کاتژمێر لە سەفی دەرمانخانەکاندا بن.

هاوکات ڕێژیمی ئێران ئەلکۆل و دەرمانی دژەگەندی ساختەی ڕەوانەی بازاڕ کردووە.

لەلایەکی دیکەوە یارمەتییەکانی جیهانی کە بە ئێران دراوە لەلایەن خودی سپای پاسدارانەوە لە بازاڕدا فرۆشراوەتەوە.

خەڵک بە شێوەی خۆڕسک و لەسەر تێچووی خۆیان کەلوپەلی پێشگری لە کۆرۆنایان کڕیوە.

لە شار و گوندەکان، خەڵک بە یارمەتیی یەکتر شەقام و شوێنە گشتییەکانیان بە دەرمان پڕژاندووە.

هەروەها لە زۆربەی شارەکانی کوردستان کەمپەینی یارمەتی بە هاووڵاتییان دامەزراوە کە دەمامک و کەلوپەلی دیکە بە هاووڵاتییان دەدەن.

لەو قەیرانەدا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تەنیا خەریکی شاردنەوە و سەرپۆشکردنی ئەو کێشەیە بووه.