کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرمانی نەخۆشییە تایبەتەکان لە ئێران کەم بووەتەوە

13:13 - 13 گەلاوێژ 2720

پاش کەمبوونەوە و نەمانی دەرمانی "ئەنسۆلینی قەڵەمی"، ئێستاش دەرمانی تایبەت بە نەخۆشییە تایبەتەکانی دیکە لە ئێران، بەتایبەت ئەو کەسانەی "پەیوەندی گورچیلە" دەکەن کەم بووەتەوە.

نەمانی دەرمان بۆ نەخۆشییە تایبەتەکان، بەتایبەت ئەو کەسانەی پەیوەندی گورچیلە دەکەن لە ئاستێکدا زۆر بووەتەوە کە پزیشکەکان و ڕێکخراوی دەرمان و خۆراکی ڕێژیم داوایان لە نەخۆشەکان کردووە کە لە دەرمانی جێگرەوە کەڵک وەربگرن.

"عادڵ فیرووزی" بەڕێوبەری "ڕێکخراوی خێرخوازیی پشتیوانی لە نەخۆشەکانی گورچیلەی پارێزگای ورمێ"، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی گەلاوێژ ڕایگەیاندووە: "نزیکەی ٢ مانگە دەرمانی سێلێسپێت لە وڵاتدا کەم بووەتەوە و تەنانەت نەخۆشەکانی گورچیلە لە تارانیش بە دوای ئەو دەرمانەدا دەگەڕێن".

بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی ئەو دەرمانە لە مانگەکانی ڕابردوودا کەم بووەتەوە و بە وتەی فیرووزی، ڕێکخراوی دەرمان و خۆراک "کێشە لە هاوەردەکردنی ماددەی سەرەکی" بۆ بەرهەمهێنانی، بە هۆکاری سەرەکیی کەمبوونی ئەو دەرمانە زانی.

ڕێکخراوی دەرمان و خۆراک داوای لە نەخۆشەکان کردووە: "ئەگەر ناتوانن سواری بێنز بن، پرایدیشیان دەست کەوت سواری بن".

ئەو ڕێکخراوە مەبەستی لەو قسەیە پێشنیارکردنی دەرمانی جێگرەوە لە جیاتیی دەرمانی تایبەتی ئەو نەخۆشییە بووە کە نەخۆشەکان ئامادە نین بە مەترسیی دەرمانی جێگرەوە و ئەگەری ڕەتبووەنەوەی پەیوەندی گورچیلەیان دەرمانی جێگرەوە بەکار بێنن و پەیوەند بکەن.

"محەممەد سەعید ئەلمووسەوی"، ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی پشتیوانی لە نەخۆشەکانی گورچیلە، وتبووی کە ئەو دەرمانە لە لیستی گەمارۆکانی ئامریکا دژ بە ڕێژیمی ئێراندا نییە، بەڵام گەمارۆوە بانکییەکان گواستنەوەی دراوی ئەستەم کردووەتەوە.

تێچووی پەیوەندی گورچیلە لە ئێراندا ٥٠ تا ١٠٠ ملیۆن تمەنە و ئەگەر نەخۆش لە دەرمانی باش کەڵک وەرنەگرێت ئەگەری هەیە جەستەی نەخۆش پەیوەندەکە ڕەت بکاتەوە.

"سێلێسپێت" ناوی بازرگانیی "مایکۆفنۆلات موفتیلـ"ـە کە دەرمانێکی سەرکوتکەری سیستەمی ئیمنیی لەشە بۆ پێشگرتن بە ڕەتکردنەوەی پەیوەندی ئەندامەکانی جەستە کە بەو کەسانەی دەدرێت کە پەیوەندی گورچیلە دەکەن.