کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرمانی هەڵە، هاووڵاتییەکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کرد

10:33 - 11 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سنە بەهۆی بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری دەرمان کە لەلایەن دەرمانخانەیەکەوە شێوازی بەکارهێنانەکەی بە هەڵە پێی وتراوە لە نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە خەوێندراوە.

هاووڵاتییەک لە شاری سنە بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی تیشکی خستووەتە سەر یەکێک لەو کێشانەی کە زۆربەی خەڵک پێوەی دەناڵێنن.

ئەم هاووڵاتییە لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا باس لەوە دەکات کە لە نوسخەی پزیشکیدا دەرمانێکی بۆ دیاری کراوە کە تەنیا دەبێ ٢ ڕۆژ لە هەفتەدا و تەنیا ٤ حەبیشی لێ بخوات، بەڵام لە یەکێک لە دەرمانخانەکانی نایسەری سنە، لەسەر دەرمانەکە بۆیان نووسیوە کە هەموو بەیانییەک ٢ حەب و هەموو ئێوارەیەک ٢ حەبی دیکە بخوات.

ئەم هاووڵاتییە باس لەوە دەکات کە لە جیاتی خواردنی ١٦ حەب، لە مانگەکەدا ١٢٠ حەبی خواردووە و بەو هۆیەوە ماوەی ٤ ڕۆژ لە نەخۆشخانە خەوێندراوە.

گەندەڵی لە سیستەمی دامەزراندنی ڕێژیمی ئێراندا و ئەسپاردنی کارگەلێکی هەستیار بە کەسانی ناشارەزا لە گرینگترین هۆکارەکانی ڕوودانی حاڵەتگەلی مەترسیدارە و زۆر جاریش پێدانی دەرمانی هەڵە بووەتە هۆی ئەستاندنی گیانی هاووڵاتییان لە شارەکانی ئێراندا.

ناوەندی زانستی پزیشکیش تەنیا بە وتنی ئەوەی کە ئەوانە تەنیا ناوەندی ئامووزشی دەرمانین هەوڵی پاساوهێنانەوە بۆ کەمتەرخەمییەکانی خۆیان دەدات.