کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرچووانی زانکۆوەکان لە ئێراندا بێکارن

13:34 - 31 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ڕێژەیەکی زۆر لە دەرچووانی زانکۆوەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان لە ئێراندا بێکارن.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، لە ماوەی ۱۰ ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە ٣٨ لەسەدی  دەرچووانی زانکۆوەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان لە ئێراندا بێکار بوونە و ئەم ئامارەش ڕۆژبەڕۆژ ڕوو لە زیادی کردووە.

 ناوەندی ئاماری ڕێژیم، لە نوێترین ئاماری بڵاوکراوەی خۆیدا ڕایگەیاندووە، کە لە ئێستادا بەپێی بەراورد، زیاتر لە ٤١ لەسەد، لە دەرچووانی زانکۆوەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان لە سەرجەم شار و ناوچەکانی سەرتاسەری ئێراندا بێکارن و ئەم ئامارەش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕووی لە زیادبوونە و بەرپرسانی ڕێژیمیش هیچ بایەخێک بە بێکاری و بەتایبەت بێکاری خاوەن بڕوانامەکان لە ئێراندا نادەن.

ئەو ئامارانەی کە لەم بارەوە بڵاو کراونەتەوە، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ڕێژیمی ئێران جیا لەوەی هیچ هەوڵێکی بۆ چارەسەری دیاردەی بێکاری لە کۆمەڵگای ئێراندا نەداوە، بەڵکوو بێکاری بە دەرفەت و هەلێکی گونجاو دەزانێت تاکوو خەڵکی ئێران بەرەو سیاسەتە نەگریسەکانی خۆی ڕابکێشێت و بۆ ئامانجە نامرۆڤانەکانی خۆی کەڵکیان لێ وەر بگرێت.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی خودی ڕێژیم، زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە بەشە جیاوازەکانی ناوەند و داموەزگاکانی ڕێژیم و بەتایبەتی شوێنە هەستیارەکاندا لە لایەن ڕێژیمەوە دانراون، شارەزایەتی پسپۆڕانە و ئاکادیمیکیان لەو بوارانەدا نییە و دەورەیەکی سەرەتایی کردەوەیی کەمتر لە یەک/دوو مانگەیان بینیوە و ئەمەش بووەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ زیادبوونی ئاماری بێکاری لە ئاستی دەرچووانی زانکۆوەکان و بەتایبەت خاوەن بڕوانامە باڵاکان لە سەرتاسەری ئێراندا.

 بێکاری یەکێک لە دیاردە سەرەکییەکان و ڕیشەی دیاردەکانی تر کۆمەڵگا وەکوو: دزی، چوونەسەرەوەی ئاماری تەڵاق، تووشبوون بە مادە هۆشبەرەکان و هتدە، کە بەرپرسانی ڕێژیم و ناوەند و دەزگا پەیوەندیدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران جیا لە قسە و دروشمی پێش کامێراکان، هیچ هەنگاوێکی کردەوەیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو دیاردە سەرەکییەیان هەڵ نەگرتووە.

نەبوونی کار و بایەخ نەدان بە خوێندکاران، دەرچووانی زانکۆوەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان لە ئێران و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، جیا لەوەی کە بووەتە هۆی بێهیوابوونی لاوان لە خوێندن و پەنابردن بۆ پیشەگەلێکی مەترسیدار وەکوو: کۆڵبەری لە نێوان سنوورەکان، قاچاخچیەتی و ... ، بووەتەوە هۆکارێکیش بۆ بەجێهێشتنی هەزاران و میلیۆنان لاوی ئەو وڵاتە و پەنابەریی لە وڵاتانی ئورووپا و ئامریکا و کانادادا.