
کوردستان میدیا: ڕاوێژکاری ئەمنیەتی نیشتمانی ئامریکا و وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە دەسخۆشییان لە لێپرسراوانی ئاڵبانی کرد لەهەمبەر دەرکردنی باڵوێز و بەناودیپلۆماتێکی رێژیمی تاران لە وڵاتەکەیان.
دەوڵەتی ئاڵبانی باڵوێز و بەناودیپلۆماتێکی ڕێژیمی تارانی لە وڵاتەکەی بەتۆمەتی ئەنجامدانی چالاکی نایاسایی و لە مەترسی خستنی ئەمنیەتی ئەم وڵاتە دەرکرد کە ئەم مەسەلە هەڵوێستی ئامریکای لێکەوتەوە و دوو لێپرسراوی دیاری ئامریکایی دەسخۆشییان لە لێپرسراوانی ئاڵبانی کرد.
جان بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئەمنیەتی نیشتمانی ئامریکا لە دژکردەوە بەم بڕیارەی سەرۆکوەزیرانی ئاڵبانی لە تویتێکدا ڕایگەیاند: ئەمە نیشانەی قەبووڵ نەکردنی پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی لە تێرۆریزم لە ئاستی جیهانیدایە؛ ئەمە پەیامێکی ڕوونە بۆ ڕێبەرانی تاران.
هەروەها مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاندووە: من سپاسی سەرۆکوەزیران "ئێدی ڕاما" دەکەم کە پیلانی هێرشی تێرۆریستیی دوو مەئمووری ئێرانییان لە ئاڵبانی پووچەڵ کردەوە ؛ تەنیا لە ئەمساڵدا وڵاتانی ئورووپایی ٣ پیلانی تێرۆریستی تارانیان پووچەڵ کردووەتەوە. دنیا دەبێ لە تەحریمکردنی ڕێژیمی ئێران تا کاتێک کە ڕێژیم ئاکارە تێکدەرانەکانی درێژە پێدەدا، یەکگرتوو بێ.
باڵوێزی دەرکراوی ئێران غوڵامحوسەین موحەممەدنیایە کە لە ساڵی ٩٥ەوە بۆ ئەم پۆستە دیاری کراوە؛ ناوی بەناو دیپلۆماتەکەی تر تا ئێستە نەدرکاوە.