کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرکەوتنی شرۆڤەکارێکی ئێرانی لە میدیاکانی عێراق قەدەغە کرا

11:44 - 24 رەشەمه 2721

ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی ڕەشەمە، کۆمیسیونی ڕاگەیاندن و هەواڵنێریی عێراق بڕیاری دا کە هیچ دەزگایەکی میدیایی "عێراق" مافی ئەوەیان نییە کە "ئەمیر مووسەوی" شرۆڤەکاری سیاسیی ئێرانی بکاتە میوانی بەرنامەکانیان.

ئەو بڕیارە بەهۆی ئەوە دراوە کە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ڕەشەمە، "مووسەوی" لە بەرنامەیەکدا و لە کاناڵێکی سەر بە "عەسائیبی ئەهلی حەق" لێدوانی داوە و وتبووی، دوو بنکەی دیکەی ئیسرائیل لە "هەولێر" بوونیان هەیە و جارێکی دیکە ئەو شارە لەلایەن ئێرانەوە دەکرێتە ئامانج.

لەو بڕیارەی کۆمیسیونی ڕاگەیاندنی عێراقدا هاتووە: "لێدوانەکانی ئەمیر مووسەوی زیان بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان عێراق و ئێران دەگەیەنێت".

بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، شاری "هەولێر" بە ١٢ مووشەک کرایە ئامانج و مووشەکەکان لەسەر ڕێگەی "هەولێر- پیرمام" کەوتنە خوارەوە و چەند مووشەکێکیان بەر ماڵی بازرگانێکی کورد کەوتن و زیانی دارایی زۆریان بە دواوە بوو.

سپای پاسدارانی ڕێژیمی "ئێران" بە پاساوی بوونی بنکەی ئیسرائیل لە "هەولێر"، هێرشەکەی وەئەستۆ گرت، بەڵام بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئەو ئیدەعایەی ڕێژیمی ئێران ڕەت دەکەنەوە.