کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگا بەڕێوبەرییەکانی پارێزگای ورمێ قەرزداری پەیمانکارەکانن

12:52 - 12 رێبەندان 2720

جێگری چاوەدێریی ماڵی و خەزێنەی "موعین" لە پارێزگای ورمێ  ڕایگەیاندووە کە زیاترین قەرزداریی ئەو پارێزگایە، قەرزداریی دەزگا بەڕێوبەرییەکان بە پەیمانکاران و ڕاوێژکارانە .

"تەهماسب حاجی حسێنلوو" جێگری چاوەدێریی ماڵی و خەزێنەی "موعین" ڕایگەیاندووە کە ٦٢ لەسەدی بوودجەی دیاریکراوی پارێزگا لەماوەی ئەمساڵدا وەرگیراوە.

"حاجی حسێنلوو"، ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەندان لە پرێس کۆنفرانسێکدا وتوویەتی کە بوودجە دیاریکراوەکانی پارێزگا لە ئەمساڵدا ٩١ هەزار میلیارد ڕیاڵە کە تا مانگی بەفرانبار ٦٢ لەسەدی گەیشتووەتە پارێزگا.

ناوبراو لەدرێژەدا وتوویەتی کە لەماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٥ هەزار میلیارد ڕیاڵ بەڵگەی خەزێنە بڵاو کراوەتەوە کە ئەو ژمارەیە لە ساڵی ڕابردوودا ٤ هەزار و ٦٩٩ میلیارد ڕیاڵە.

جێگری چاوەدێریی ماڵی و خەزێنەی "موعین"، بە ئاماژەدان بە قەرزدارییەکانی ئەو پارێزگایە ڕایگەیاند کە کۆی گشتیی قەرزدارییە تۆمار کراوەکان لەو پارێزگایەدا لە سامانەی "سەماد"، ٩٥ هەزار و ٦٩٥ میلیارد ڕیاڵە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە زیاترین قەرزداریی ئەو پارێزگایە، قەرزداریی دەزگا بەڕێوبەرییەکان بە پەیمانکاران و ڕاوێژکارانە ڕایگەیاند کە دەزگا بەڕێوبەرییەکان ١١ هەزار و ٧٩٨ میلیارد ڕیاڵ بە پەیمانکارەکان و ڕاوێژکارەکانی پارێزگا قەرزدارن.