کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای رێكخستنی گشتیی حیزب سێمینارێكی تەشکیلاتیی بەڕێوە برد

18:27 - 1 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی كار و چالاكییەكانی، لە ماوەی یەكساڵی ڕابردوودا و هەروەها بەرنامە و كاری داهاتووی و ئەركی ئەندامانی حیزب لە قۆناغی ئێستای خەباتدا، سێمینارێکی تەشکیلاتیی بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە، ٣٠ی خاكەلێوە، بەشی ئاشكرای دەزگای ڕێكخستنی گشتیی حیزب، بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی كار و چالاكییەكانی لە ماوەی یەكساڵی ڕابردوودا و هەروەها بەرنامە و كاری داهاتووی و ئەركی ئەندامانی حیزب لە قۆناغی ئێستای خەباتدا، سێمینارێكی تایبەتی، بە بەشداری دەستەی بەڕێوەبەریی سەرجەم كۆمیتەكانی حیزب لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە برد.

سەرەتای سێمینارەكە بە خولەكێك بێدەنگی بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێ كرد.

دواتر "دارا ناتق"، جێگری دەزگای ڕێكخستنی گشتیی حیزب، باسی لە ئامانجی پێكهێنانی ئەم سێمینارە و ڕیزبەندی كاری سێمینارەکە كرد كە لە دوو پانێل پێك هاتبوو.

 پانێلی یەكەم، باسێك بوو لەسەر دۆخی ئێستای حیزبی دێموكرات و ئەركی ئەندامانی حیزب لە قۆناغی ئێستای خەباتدا كە لە لایەن "حەسەن شەرەفی"، بەرپرسی ناوەندی سیاسی و جێگری یەكەمی لێپرسراوی گشتی حیزبەوە پێشكەش كرا.

پانێلی دووهەم، باسێك بوو لەسەر كار و چالاكییەكانی یەكساڵی ڕابردووی بەشی ئاشكرای دەزگای ڕێكخستن و بەرنامە و پڕۆژەی كاریی ئەو بەشە لە ساڵی نوێدا، كە لە لایەن "تاهیر مەحموودی"، بەرپرسی دەزگای ڕێكخستنی گشتیی حیزب و ئەندامی دەستەی كارگێڕی و "دارا ناتق"، جێگری دەزگای ڕێكخستنەوە، خرایە بەرباس و لێكدانەوەی لەسەر كرا.

لە پانێلی یەكەمدا، "حەسەن شەرەفی"، بە وردی ئەركی ئەندامانی حیزبی لە قۆناغی ئێستای خەباتدا بۆ ئامادەبووان شی كردەوە.

ناوبراو وتی: پێش هەموو شتێك ئەندامی حیزب پێویستە شارەزای بەرنامە و سیاسەتەكانی حیزب بێت و وەفادار بە سیاسەت و ڕێبازی ڕێبەران و شەهیدانی حیزب بێت. سیاسەتەكانی حیزب بباتە نێو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و بە كاریگەرییەكانی سەرنجی كۆمەڵگا بۆ لای بەرنامە و ئامانجەكانی حیزبەكەی ڕابكێشێت. لە بارودۆخی تایبەتیدا ئەركی ئەندامانی حیزب قورستر دەبێت. واتە لە هەلومەرجێكدا كە بەرەوڕووی مەترسی و هەڕەشەی تۆپباران و مووشەكبارانی دوژمن دەبنەوە، ئەندامانی حیزب خۆڕاگرتر و بەگوڕ و تینتر لە بەرامبەر ئەو مەترسییانە ڕابوەستن و قورس و قایمتر لە مەیدانی خەباتدا تێبكۆشن.

حیزبی دێموكرات هەمیشە لە تەنگانەدا جوانە. لە دۆخی تەنگانەدا، ئەندامانی حیزب سەرەرای باسکردن لە کێشە و گرفتەکان، بە فیداكاری و لەخۆبردوویی خۆیان، لە پێناو پاراستنی حیزبی دێموكرات و جووڵانەوەی كورد و بەگوڕ و تینكردنی خەبات تێدەكۆشن.

ئێمە ئەركی یاسایی و ئەساسنامەییمان هەیە و ئەرك و بارودۆخی لەبار و دژواریشمان هەیە.

 لە قۆناغی سەخت و دژواردا، دەبێت بزانین چۆن تێبكۆشین و جووڵانەوەكەمان ڕابگرین و لە قۆناغی لەبار و ئاساییدا، دەبێت بازنەی تێكۆشانمان بەرینتر بكەین و لە دەرفەتەكان كەڵك وەر بگرین و ببین بە هێزی كاریگەر.

 ڕێژیم ئێستا لە بارودۆخێکی سەخت و نالەباردایە و خەباتی نەتەوەكەمان و گەلانی ئازادیخوازی ئێران و حیزبی دێموكراتیش لە بارودۆخێکی لەباردایە، هەر بۆیە پێویستە بە بەرفراوانترکردنی كار و چالاكییەكانمان و تێكۆشانی بەردەوامی ئەندامانی حیزب، لە دەرفەت و ئەو ئاڵوگۆڕانەی كە دێنە پێش بە قازانجی خەباتی نەتەوەیی و ئازادیخوازیمان كەڵك وەر بگرین.

ڕاسان و ستراتیژی لێك گرێدانی خەباتی شار و شاخ، هەوڵ و تێكۆشانی كادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب و پشتیوانیی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لە بزاڤی ڕاسان و سیاسەتی ڕاست و دروستی حیزبی دێموكرات، گوڕ و تینێكی نوێی دایە خەباتی نەتەوەییمان و یەكگرتوویی و هاوخەباتییەكی نەتەوەیی لە ئاستی خۆرهەڵاتی كوردستاندا پێك هێنا.

"شەرەفی" هەروەها وتی: دەبێ پتر كار بكەین و پتر لە جاران خۆمان ماندوو بكەین. كاری هیچ ئەندامێكی حیزبی، نابێت کار لەکۆڵکردنەوە بێت و دەبێت هەوڵ بدەین كە کاریگەریی دابنیین و بە تێكۆشان و ماندوبوونی بێوچانمان ببین بە هێزی شوێندانەر.

ئەگەر بەهێز بین و شوێندانەر بین، حەسێبمان لەسەر دەكرێت و دەتوانین لە ئاڵوگۆڕەكانی داهاتووی وڵاتەكەمان و لە هاوكێشە سیاسییەكاندا، داخوازە نەتەوەیییەكانمان باشتر جێگیر بكەین و دەرفەتەكان لە بەرژەوەندیی داوا ڕەواكانماندا دەبێت.

 سیاسەتی دروست و فیداكاری و لەخۆبردووییی ئەندامانی ئێمە و كادر و پێشمەرگەكانی حیزب و پشتیوانی خەڵكی كوردستان دەتوانێت بمانكات بە هێزی شوێندانەر.

لە كوتاییی باسەكەیدا بەشداربووان پرسیار و سەرنجی خۆیان سەبارت بە دۆخی ئێستای حیزب و خۆرهەڵاتی كوردستان و ئێران بەگشتی، ئاراستەی "حەسەن شەرەفی"كرد، كە لە لایەن ناوبراوەوە وڵام درانەوە.

لە پانێلی دووهەمی سێمینارەکەدا، "تاهیر مەحموودی" بەرپرسی دەزگای ڕێكخستنی گشتی حیزب و "دارا ناتق" جێگری دەزگای رێكخستنی گشتی، تیشكیان خستەسەر كار و تێكۆشانی ماوەی یەكساڵی ڕابردووی دەزگای ڕێكخستن، لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات و بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان،  وێڕای سپاس و ماندونەبوونی لە هەوڵ و تێكۆشانی بەردەامی ئەندامانی حیزب لە گشت بوارەكاندا، ئاماژەیان بە بەرەوپێشچوونی ئاستی چالاكییەكانی بەشی ئاشكرای دەزگای ڕێكخستن لە هەرێمی كوردستاندا كرد و هاوكات كەموكوڕی و گیروگرفتەكانی پێوەندیدار لەو بەشەدا دەستنیشان كران.

دواتر داوا لە دەستەی بەڕێوەبەریی سەرجەم كۆمیتەكان كرا، كە بە ئیرادەیەكی بەرز و فیداكاری و خۆڕاگریی ئەندامانی حیزب، ئاستی كار و چالاكییەكانیان بەرینتر بكەن و بە هاوكاری و پشتیوانیی بەردەوامیان، لە هێزی پێشمەرگە و بزاڤی ڕاسان و خەباتی بێوچانیان لە پێناو وەدیهێنانی ئامانجەكانی حیزبدا تێبكۆشن.

لە كۆتاییدا، بەرپرس و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی كۆمیتەكان، ڕاو و سەرنجی خۆیان لەو پێوەندییەدا خستە بەرباس و لە لایەن بەرپرس و جێگری دەزگای ڕێكخستنەوە، وڵامی پرسیار و سەرنجەکانی بەشداربووان درایەوە.