کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە

11:18 - 26 سەرماوەز 2720

دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە. لە بەشێکی ئەم پەیامەدا هاتووە: "ئێمە وەک هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی مێژوویی خۆمان، پێمان وایە کە هاوکات لە گەڵ حوزووری مەیدانی و چەکداری، دەبێ حوزووری گوتاریشمان هەبێت".

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانییانی بەڕێز!

خەڵکی تێکۆشەر و پێشمەرگەپەروەری کوردستان!

پێشمەرگە قارەمانەکان!

٢٦ی سەرماوەزتان لێ  پیرۆز بێت

ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز، بۆنەیەکی پیرۆز و هێمایەکی هەمیشەییە بۆ سەرجەم ئەو ڕۆڵە تێکۆشەر و بەبیروباوەڕانەی گەلەکەمان کە بە ناوی پیرۆزی پێشمەرگەی کوردستانەوە ئامادەی مەیدانی خەبات و بەرگرین. ئەو تێکۆشەرانەی کە بیر و هزری پێشکەوتنخوازانەیان لە ڕاستای بەدەستهێنانی مافی نەتەوایەتیدایە و نەسڵ لە دوای نەسڵ، گیانی خۆیان بەختی ڕێگای ئازادی و سەربەستیی نیشتمان کردووە.

ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان ئاماژەیە بە هێزێکی لەبڕان نەهاتوو کە بە وشیاری و باوەڕەوە،  سەنگەرەکانی خەبات و تێکۆشان و بەرگرییان ئاوەدان کردووەتەوە. ئەم هێزە، لە ناخی کۆمەڵگای کوردستانەوە دەڕسکێ و  ئیرادەی هەمیشەیی و ویستی ئازادیخوازی پاڵنەریەتی تاکوو لێبڕاوانە پاڵپشتیی بەرەی ڕزگاریی نەتەوەکەی بێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئەم ڕۆژە ئاماژەیە بۆ هاوخەباتیی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان کە ڕێڕەوی سەربەستی هەڵدەبژێرن و لە سەنگەری پێشمەرگایەتی و بە لێکگرێدانی هێز و توانای خۆیان، ئاسۆی ڕوونی نیشتمان وێنا دەکەن. لەم ڕووەوە ئاستەمە کە بتوانرێت ڕیزی گەل و ڕیزی پێشمەرگە لێک جیا بکرێتەوە و ئەوەی پڕ ئاشکرایە خەباتی نەسڵ بە نەسڵ و ناوچە بە ناوچەی کوردستانە کە مانای هاوخەباتی و هاوچارەنووسی دەگەیەنێت، سەرکەوتن و دەستکەوتەکان دەستەبەر دەکات.

هەر وەک دەزانین ناوی بەرز و پیرۆزی پێشمەرگە مێژوویەکی دێرینی هەیە و ناودێرکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی کۆماری میللی-دێموکراتیکی کوردستان و وەک میراتێکی پێشەوای کوردان و ڕێبەری حیزبی دێموکراتی، پێشەوا قازی محەممەد بۆ ئێستا ماوەتەوە. جێی وەبیرهێنانەوەیە کە ئەم ناوە وەک  هێمایەکی نەتەوەیی لای حیزبەکانی دیکەی کوردستانیش ڕێزی لێ گیراوە و هێزەکانیان بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان ناساندووە. لە ٢٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی، دوای ئەوەی کە شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازانی کورد لە شاری مەهاباد، هێرشیان کردە سەر دوایین بنکە سەربازییەکانی ڕێژیمی پاشایەتی لەم شارە کە وەک هێما و ئاسەواری زوڵم و سەرکوت و داگیرکاری دەناسرایەوە، گەراکانی دامەزرانی سوپایەکی میللی دادەنرێت و بەو کەسانەش کە ئەندامی ئەم سوپایە دەبن، وەک تایبەتمەندیی شۆڕشگێڕانە و لە خۆبردووانە، ناوی پێشمەرگەیان لەسەر دادەنرێت.هەر لەم ڕۆژەشدا بوو کە ئاڵای کوردستانیش بۆ یەکەمین جار لەم شارە هەڵ کرا. دواتر ساڵی ١٣٦٣لە پلێنۆمی دووەمی کۆمیتەی ناوەندی، هەڵبژێرداوی کۆنگرەی شەشەمی حیزبی دێموکرات، بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەری و شانازییەکانی هێزی پێشمەرگە، ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز وەک ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان دیاری  و پەسەند کرا. ئەم بڕیارە ئەگەرچی نوقتە گۆڕانێكە لە پێناسە و مێژووی پڕ لە شانازیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەڵام هەڵگری پەیامێکی فرەڕەهەندە کە لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵی گرینگ دەکەم:

یەکەم، ناودێرکردنی هێزی شۆڕشگێڕی کورد بە هێزی پێشمەرگە کە بریتییە لە هەزاران هەزار تاکی بەبیروباوەڕ و خۆنەویست کە بە چەکی دەست و بیری کراوە و وشیاریی تەواوە، پەیوەستی سەنگەری پێشەوەی خەبات و بەرەنگاری دەبن، بەرزنرخاندنی مێژووی پڕ لە سەروەری و شانازیی ئەم هێزەیە لە سەردەمانی کۆماری کوردستان و  بەردەوام بوونیان لە خەبات تا دەگاتە قۆناغی مێژوویی ڕاپەڕینی چەکداریی ساڵەکانی ٤٧-٤٦ی هەتاوی و پاشان ڕووداوەکانی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و خۆڕاگریی کوردستان بەرامبەر بە دەسەڵاتی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی. ئەوەش وەبیر بێنینەوە ئەگەر کوردستان بە سەنگەری ئازادی و بەرخۆدان دەناسرێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ پاڵپشتی و ئازایەتی و گیانفیدایی هێزی بەهێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەرەکانی بەرگری و بەگژداچوونەوەی هێزی داگیرکەر.

دووەم، ناودێرکردنی وەها ڕۆژێک دەکرێت لە دەلاقەی بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەییە خوێندنەوەی بۆ بکرێت. بە کورتی نەتەوەیەک کە بە دوور لە دەمارگرژی و بەرژەوەندی و بیری تەسک، وێنای هێزێکی نیشتمانی و تۆکمە و یەکگرتووە بکات، لە واقع  بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆی نزیک دەبێتەوە، هێزێک کە لە هەر دوو قۆناغی خەبات بۆ ئازادی و ڕزگاری، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەیە و دەستەبەری دەستکەوت و سەرکەوتنەکان دەکات و دەتوانێت لە هاوسەنگکردنی تەنانەت هاوکێشە سیاسییەکانیشدا دەوری ڕاستەقینەی خۆی بگێڕێت.

سێهەم، ناودێرکردنی هێزی چەکدار و شۆڕشگێڕی کورد بە هێزی پێشمەرگە، ڕوانگەیەکە بەرەو داهاتوو و دواڕۆژی خەباتەکەمان. گومان لەوەدا نییە کە یەکخستن و ڕێکخستنی هێزێکی یەکگرتوو و نەتەوەیی، دەلاقەیەک لە هیوا و وزە بەرەو ڕووی ڕۆژهەڵات دەکاتەوە و ئیرادەیەکی پتەوتری سیاسی و نیشتمانیی بەدوای خۆیدا دێنێت و لە خەباتێکی یەکگرتووتر نزیکمان دەکاتەوە.

چوارەم، لە هەمووی گرینگتر، ناودێرکردنی شۆڕشگێڕان و خەباتکارانی کورد بە ناوی "پێشمەرگەی کوردستان" تێڕوانین و سەرنجمان بەرەو پرسێکی هەستیار و ستراتژیک ڕادەکێشێت، ئەویش بریتییە لە پرسی خاک و سەروەریی کوردستان کە پێشمەرگە خۆی بە پارێزەری دەزانێت و لێی بەپرسیارە. بە واتایەکی دیکە، لە ڕوانگەیەکی نەتەوەییەوە دەڕوانێتە پرسی سەروەری و لە بەرانبەر داگیرکەردا خاوەن کردار و گوتاری نەتەوەییە. هەر بۆیەش خاکی کوردستان، بە  سەنگەری بەرگری و شانازییەکانی خۆی دەزانێت. دیوێکی دیکەی ئەم گوتارە نەتەوەییە، باوەڕ بە پڕەنسیپە نەگۆڕەکانی ئازادی و  دێموکراسی و بەهاکانی سەردەمە. هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک هێزێکی ئازادیخواز، بەرگریکار و بە پڕەنسیپ دەناسرێت کە لە بەرەی دژە تێرۆر و دژ بە ستەم و تاریکی سەنگەری گرتووە. هەر بۆیە بە ئەرکی خۆی دەزانێت بەرەنگاری سەرچاوەکانی ئەم دیاردانە ببێتەوە.

بە دەر لە ئاماژە مێژووییەکەی کە لە سەرەتادا باس کرا، هەموو ڕۆژێک ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانە. ئەگەرچی باسکردنی شانازییەکانی پێشمەگە شانازییەکە بۆ هەموومان، بەڵام بۆ گێڕانەوە و وەبیرهێنانەوەی ئەم شانازییانە دەبێ سەرنج بخەینە سەر ئێستا و ئاوڕ لە ڕابردوو بدەینەوە. زمانی گێڕانەوەی فیداکاری و لەخۆبردوویی و خۆنەویستی پێشمەرگە لای شاخە سەرکەشەکانی کوردستانە، لای زیندان و ئەشکەنجەکاگانە، لای کەمئەندامانە، لای دایکی شەهیدانە، لای  بنەماڵەی سەربەرزی تێکۆشەرانی دوورە وڵاتە، لای دەقی شێعرە، لای ئەدەبی بەرگرییە، لای جامانەکانە، لای سەربازە ونەکانی نیشتمانە، لای گۆڕی شەهیدانە و... هتد. لە ڕاستیدا کات و ساتەکان هەموو کات بۆ پێشمەرگەیە.

ئێمە وەک هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی مێژوویی خۆمان، پێمان وایە کە هاوکات لە گەڵ حوزووری مەیدانی و چەکداری، دەبێ حوزووری "گوتاریـ"ـشمان هەبێت و بە زەروورەتێکی مێژوویی دەزانین کە ئەرکی خەبات لەسەر شانی پێشمەرگە هاوتەریب بێت لەگەڵ هەستێکی  گشتیتر و بەتینتر لای سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان و لایەنە خەباتکارەکانی دیکەی کوردستان. هەر وەک چۆن لە دەقی خەباتی فرەڕەهەندی ڕاسانی ڕۆژهەڵات پێداگریی لەسەر دەکرێتەوە، داهاتووی  بزووتنەوەی نەتەوەیی-دێموکراتیکی کوردستان گرێدراوی بەهێزبوونی ڕۆژهەڵاتێکی بەهێزە کە یەک لەوان پێکهاتن و ئامادەیی هێزێکی کوردستانییە بە ڕوانگەیەکی نەتەوەییەوە.

وێژمانی ڕاسان بە پێداگری لەسەر ڕۆڵی پێشمەرگە، دامەزران و ڕاهێنانی هێزێکی وەها تۆکمە بە ئەرکی  نەتەوەیی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانێت و لەم پێناوەشدا، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان، بە پەروەردەی سەردەمیانە و هێمای تایبەت بە خۆی هاتە ئاراوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر و بەربڵاوتر دەبێت. لاوانی تینووی ئازادی و ژیانی سەربەرزانە بە پەیوەست بوونیان بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، وێڕای درێژەدان بە خەباتی نەپساوەی گەلی کورد، بە گیانی خۆیان پەیمان و بەڵێنیی درێژەپێدان بە ڕێگای شەهیدانی ڕێگای سەربەستی و ڕزگاریی کوردستان نوێ دەکەنەوە و خۆیان بە پارێزەری خاک و سەروەریی گەل و نیشتمان دەزانن.

لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان و لە سەنگەری ئاوەدانی خەباتەوە ڕایدەگەیەنین کە ئێمە وەک هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هەردەم ئامادەی مەیدانی خەبات و بەرگرین و  بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکە پێ ئەسپێردراوەکانمان ئامادەین.

سەرکوتی سیستماتیکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ڕابردوو ئازادیخوازان و گەلانی ستەملێکراوی کردووەتە ئامانج  و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەی خستووەتە پێناوی ئەم سیستمە سەرکوتە لە دەرەوەی سنوورەکانیش. لە وەها دۆخێکدا گرینگیدان بە فاکتەری ناوخۆیی و هێزی خەڵک، پێویستییەکی مێژووییە و دەخوازێت بە هەر شێوەیەک بووە ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە دژی ئەم ڕێژیمە بێتە ئاراوە. لە کاتێکدا تێچووی گیانی گەلانی ژێر ستەم تا دێت بەهۆی ڕێژیمەوە هەڵدەکشێت، ڕەنگە تێچووی ڕاپەڕین و بەرەنگاربوونەوە بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمە کەمتر بێت، بە تایبەتی کە ئەگەر سەرنجی زیان و تێچوو و کاولکارییەکانی ئەم ڕێژیمە بدەین کە لە ماوەی ٤٢ ساڵی ڕابردوودا بۆ ئەم وڵاتە بەجێی هێشتووە.

لەم پێناوەدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان خۆی بە پشتیوانی هەر جۆرە ڕاپەڕین و بەرەنگاربوونەوەیەک دەزانێت کە بنەما و کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی ئەم ڕێژیمە بکاتە ئامانج.

سەرکەوتن بۆ خەباتی مافخوازانەی نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران بۆ بنیاتنانی سیستمێکی دێموکراتیک و فێدراڵ

سڵاو لە هێزی بەهێزی پێشمەرگەی کوردستان و قارەمانانی نێو سەنگەری خەبات

ڕێز و کڕنۆش بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی

بڕووخێت ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی

سڵاو لە ئیرادەی ڕۆژهەڵاتی پێشمەرگەپەروەر

سەرکەوێ ڕاسانی ڕۆژهەڵات

دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان

کاوە بەهرامی

٢٦ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی