کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

13:22 - 21 بانەمەڕ 2722

دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەبارەت بە دەستدرێژییەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ سەر شاخەکانی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان

ئاگاداری خەڵکی بەشەرەفی کوردستان دەکەین کە ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وەرزی بەهاردا لە ڕێکەوتی ٢١ی بانەمەڕی ١٤٠١، ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانی بە چەکی جۆراوجۆری قورس و دڕۆن تۆپباران و مووشەکباران کرد. ئەم کردەوە دژە گەلییەی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە خەڵک مەڕوماڵاتی لە هەندەران لە کوێستاندایە و کاسبکاران بۆ بژێویی ژیانی خۆیان دەچنە کوێستان. بەڵام ڕێژیمی دژەگەلی و تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک هەمیشە دژی ئاسایش و دژایەتیی خەڵکی کوردستان و لە وەرزی بەرەوبوم و ژیانی خەڵک، دەست دەداتە ئەم کردەوە دژە گەلییە و خەسار لە خەڵک و شاخ و گوندەکان دەدات.

بەپێی زانیاریی دەزگای فەرماندەیی، بە خۆشییەوە زیانی گیانی وەبەر کەس و لایەنێک نەکەوتووە، بەڵام زیانی ماددیی لە خەڵک و کوێستان داوە.

ئەم کردەوە دژە گەلییە مەحکووم دەکەین و خەڵکی کوردستان لەم کردەوەیەی سپای تێرۆریستی پاسداران خۆش نابن.

لە چۆنیەتیی دەستدرێژییەکانی ڕێژیم لە داهاتوودا ئاگادارتان دەکەینەوە.

دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان

٢١ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی