کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای قەزایی رێژیم دژایەتیی لەگەڵ لێبوردنی مەرجداری زیندانییەکی سیاسیی کورد کرد

14:03 - 30 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: سەرەڕای رەزامەندیی بەرپرسانی زیندانی زاهیدان، بۆ لێبوردنی مەرجداری ئەمیر تالیب مەرهەم، سەردۆزگەر (دادستان)ی ورمێ دژایەتیی خۆی لەگەڵ ئەو لێبوردنە دەربڕیوە.


بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ئۆرگانی خەبەریی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران، ئەمیر تالیب مەرهەم زیندانی سیاسیی کورد بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ کاناڵە ماهوارەییەکان لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر و پاش ٣ رۆژ رادەستی وەزارەتی ئیتلاعات کرا.
ئەو هاووڵاتییە پاش دوو مانگ لە دەسبەسەر کردن و زەخت و گوشاری هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، بە تۆمەتی لایەنگری لە حیزبێکی دژبەری رێژیمی ئێران و کڕین و فرۆشتنی چەکوچۆڵ، سزای ٦ ساڵ زیندان و دوور خستنەوە بۆ زیندانی زاهیدانی بەسەردا سەپا.
ئەمیر تالیب مەرهەم پاش سەپاندنی ئەو سزایە بەسەریدا، بۆ زیندانی ورمێ رادەگوێزرا و دوای ٧ مانگ کە حوکمەکەی لەلایەن دادگای پێداچوونەوە پەسند کرا، بۆ زیندانی ناوەندیی زاهیدان دوور خرایەوە.
هەنووکە زیاتر لە نیوەی زیندانەکەی تێپەڕ کردووە و بەپێی یاسا دەتوانێ لە ئازادیی مەرجدار کەڵک وەربگرێت و سەرەڕای رەزامەندیی بەرپرسانی زیندانی زاهیدان، سەردۆزگەریی شاری ورمێ بۆ چەندەمین جارە دژایەتیی لەگەڵ ئازادیی مەرجداری ئەو زیندانییە دەکات.
ئەمیر تالیب مەرهەم کوڕی باپیر و تەمەن ٣٠ ساڵ، لە رێکەوتی ٤ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٨٨ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرا.