کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای قەزاییی ڕێژیم هەڕەشەی لە کامیوندارە مانگرتووەکان کردووە

12:43 - 8 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی دەزگای قەزاییی ڕێژیم، مانگرتنی کامیۆندارانی بە پرسێکی ئەمنییەتی زانیوە.

دوای تێپەڕبوونی حەوت ڕۆژ لە مانگرتنی سەرتاسەریی کامیۆندارانی ئێران، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەهەمبەر گرانی پێداویستی و سووتەمەنیی کامیۆنەکان، سادق ئامولیی لاریجانی، بەرپرسی دەزگای بەناو دادی ڕێژیم، لە لێدوانێکدا، باسی لەوە کردووە: "نابێت ڕێگە بدەین، مانگرتنی سەندیکاییی کامیۆنداران، ببێتە پرسێکی ئەمنییەتی.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر مانگرتنی کامیۆنداران بەردەوام بێت، دوژمنانی نیزام، بۆ تێکدانی ئەمنییەتی وڵات کەڵکی لێ‌ وەردەگرن، بۆیە شۆفێرەکان ئاگادار بن، کە بە توندترین شێوە لەگەڵیان بەرەوڕوو دەبینەوە.

هەروەها لە درێژەی لێدوانەکەی، باسی لەوە کردووە، کە کامیۆندارەکان لە لایەن دوژمنانی نیزام دنە دەدرێن و دەزگای قەزایی پێداچوونەوەی لەسەر دەکات و دەبێ هێزە نیزامی و سەربازییەکان ئاگاداری ناڕەزایەتییە سەندیکایییەکان بن.

ئەم لێدوانەی لاریجانی، سەرچاوە لە ترسی ڕێژیم لە چالاکییە مەدەنییەکان و ئیرادەی خەڵک دەگرێت و وەکوو هەمیشە لەسەر ئەساسی پاراستنی نیزام بە هەر مەرجێک؛ ماف، داواکاری و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران، وەکوو پرسێکی ئەمنییەتی بۆ سەرکوتکردن ناوی لێ دەبەن.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٦ی جوزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، عەلی ڕەبیعی، وەزیری کاری ڕێژیمی ئێران، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ نوێنەرانی سەندیکای کامیۆندارانی مانگرتوو هەبووە و داوای کردووە، کۆتایی بە مانگرتنەکە بیهێنێن و وزارەتی کار، کێشە و گرفتەکانیان تاوتوێ دەکات و هەوڵ بۆ چارەسەرکردنیان دەدات.

کامیۆندارانی ناڕازی، حەوتەمین ڕۆژە کە لە شارە جیاوازەکانی ئێران، درێژە بە مانگرتنەکەیان دەدەن و هەر ڕۆژە کامیۆندارانی شارێکی دیکە بەو مانگرتنە پەیوەست دەبن و زۆربەیان باس لەوە دەکەن، هەتا کێشەکانیان چارەسەر نەبێت درێژە بە مانگرتنەکانیان دەدەن.