کوردستان میدیا: شاندێکی دەزگای هەڵبژاردنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەدانی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانی کرد و لەو دیدارەدا باس لە ئاڵوگۆڕەکانی دوای کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی دێموکرات کرا.
ڕۆژی یەکشەممە، ١٠ی خەرمانان؛ شاندیكی دەزگای هەڵبژاردنی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستیی "سەلیم زنجیری" بەرپرسی ئەو دەزگایە، وێڕای" ئیسماعیل ڕەحمانی" بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە سلێمانی سەرەدانی دەزگای هەڵبژاردنی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستانی لە شاری سلێمانیی کرد.
شاندی حیزبی دێموکرات لە لایەن هەیئەتێکی دەزگای هەڵبژاردنی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بە سەرپەرەستیی "رزگار عەلی" پێشوازییان لێکرا.
لەو دیدارەدا، شاندی حیزبی دێموکرات وێڕای پیرۆزبایی لە ئەرکی نوێی و هیوای سەرکەوتن بۆ بەڕێزیان، باسیان لە ئالوگۆڕەکانی دوای کۆنگرەی شازدەهەم و گۆڕینی پێکهاتە و دامەزراندنی دەزگایەکی تایبەت بە پرسی هەڵبژاردن لە حیزبی دێموکراتدا کرد.
گرنگیدان بە پرسی هەڵبژاردن کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر چارەنووسی نەتەوەکان و قووڵترکردنەوەی ڕۆحی دێموکراسی و ئاشتی و سەقامگیری هەیە، لە باس و بابەتەکانی ئەو دیدارە بوون.
لەو دیدارەدا دوو لایەن لەبارەی پرسی هەڵبژاردن باسیان لەوە کرد، ئێمەی کوردیش لەو ناوچە ئاڵۆز و پڕ لە کێشەیەدا دەبێ لە تاقیکردنەوەی ئەو ئەزموونە و پێشخستنیدا بەردەوام و خاوەن ڕۆڵ بین.
لە کۆتاییدا وێڕای خوشحاڵی هەر دوو شاند لەو دیدارە، جەخت لە سەر پتەوکردنی پێوەندییەکانی هەر دوو دەزگا و هاوکارییەکانیان لە پێوەندییەدا کرا.