کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای پەروەردە و لێکۆڵێنەوە دەورەیەکی سیاسیی بەڕێوە برد

11:39 - 12 خەزەڵوەر 2720

حەوتەمین دەورەی سیاسیی ئاستی دوو بەشی یەکەم بۆ پێشمەرگەکان لەلایەن دەزگای پەروەردە و لێکۆڵینەوە بەڕێوە چوو.

لە درێژەی بەرنامەی کاریی دەزگای پەروەردە و لێکۆڵینەوە و بەپێی بەرنامەیەکی داڕێژراو، حەوتەمین دەورەی سیاسیی ئاستی دوو بەشی یەکەم تایبەت بە پێشمەرگەکان، دوای یەک مانگ بەڕێوەبردنی کلاس و وتنەوەی وانە، کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.

ئەم دەورەیە لە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی دەستی پێکرد و لە ڕێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی کۆتایی پێهات.

 لەم دەورەیەدا کۆمەڵێک وانە پێشکەش بە بەشداربووانی دەورەکە کرا کە بریتی بوون لە: "بەرنامە و پەیڕەوی حیزبی دێموکرات ـ مێژووی حیزب ـ ئامانجی دواڕۆژ ـ فێدراڵیزم ـ دێموکراسی ـ پرسی بەرابەریی ژن و پیاو ـ کاری ڕێکخراوەیی بە کۆمەڵ ـ ساختار و سیاسەتەکانی ڕێژیم ـ لێدواندەری بۆ خەڵک ـ ئەمنییەت ـ سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزب و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان".

سەرجەم ١١٤ کاتژمێر وانە بۆ بەشداربووان وتراوەتەوە و بەشێک لە وانەکان تاقیکارییان بۆ ئەنجام دراوە کە لە کۆتاییدا ئەم هاوڕێیانە وەک نەفەراتی یەکەم تا سێیەم دیاری کراون:

نەفەری یەکەم: "ئاسۆ مینبەری"

نەفەری دووەم: "موزەفەر کەریمی"

نەفەری سێیەم:  "ناسر فەتحی"

لە دوای کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکرات و جەختکردنەوە لەسەر گرینگیی زیاتری پەروەردە لەنێو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، دەزگای پەروەردە و لێکۆڵینەوە هەوڵی داوە کە بە بەردەوامبوونی لەسەر ئەرکی پێگەیاندنی ئەندامانی حیزب، گۆڕانکاریش لە مێتۆد و شێوازی بەڕێوەبردنی دەورەکاندا پێک بهێنێت کە وڵامدەری ئێستای خەبات بێت.