کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای پەروەردە و لێکۆڵینەوەی حیزبی دێموکرات، کۆبوونەوەیەکی بەڕێوە برد

12:28 - 23 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: دەزگای پەروەردە و لێکۆڵینەوەی حیزبی دێموکرات، لە کەمپی "جێژنیکانـ"ـدا، کۆبوونەوەیەکی بۆ "لوقمان مێهفەر"، ئەندامی هەیئەتی ئیجراییی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەڕێوە برد.

لە درێژەی کارەکانی دەزگای پەروەردە و لێکۆڵینەوەی حیزبی دێموکرات، بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی سیاسیی پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب، ئەم دەزگایە کۆبوونەوەیەکی بۆ بەشێک لە پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب لە کەمپی جێژنیکان بەڕێوە برد.

لەم کۆبوونەوەیەدا، "لوقمان مێهفەر"، ئەندامی هەیئەتی ئیجرائیی ناوەندی سیاسی وەک کۆڕگێڕ باسێکی لەژێر ناوی: "کورد چۆن لە بواری حقووقییەوە لە مافی نەتەوەیی بێبەش کراوە؟"، پێشکەش کرد.

ناوبراو لە پێشەکیی باسەکەیدا، ئاوڕێکی کورتی لە مێژووی کورد دایەوە و پاشان لە درێژەی باسەکەیدا لە ڕووی حقووقی نێودەوڵەتییەوە، ئەو مافە نەتەوەییانە شی کردەوە کە کورد لێی بێبەش کراوە. هەروەها باسی لەو بڕیارنامە و پەیماننامانە کرد کە لە هەمبەر کورد لە لایەن زلهێزانەوە لە ڕابردوودا پەسەند کراون.

"لوقمان مێهفەر"، لەم کۆڕەدا باسی لە ڕۆڵی حیزبی دێموکرات کرد، وەک هێزێک کە هەمیشە گرنگیی تایبەتی بە پرسی نەتەوەیی داوە.

لە کۆتاییی باسەکەشدا، ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی وەکوو درێژەدەری ئەو سیاسەتە نەگۆڕەی حیزبی دێموکرات زانی کە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەدات.

لە دوای قسەکانی ناوبراودا، بەشداربووانیش ڕا و بۆچوونی خۆیان دەربڕی و بە وڵامدانەوەی پرسیارەکان لە لایەن "لوقمان مێهفەر"ـەوە، کۆتایی بە کۆبوونەوەکە هات.