کوردستان میدیا: دەزگای پێوەندییە گشتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سپاسنامەیەکی بە بۆنەی بەڕێوەچوونی کار و چالاکییەکانی ٢٢ی پووشپەڕ بڵاو کردەوە.
دەقی سپاسنامەکە بەم چەشنەیە:
خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان!
ئەمساڵ لە سیهەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری ڕێبەری بلیمەتی کورد، دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو و هاوڕێیانیدا، دیتمان کە کوردستانییانی خۆشەویست و نیشتمانپەروەرانی گەلەکەمان، جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، لە پێناوی خاونداریەتی لەم ڕێبەرە مێژووییەی کورد و ڕێبازە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەیدا، هەروەها بۆ شەرمەزارکردنی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ناو و یادی دوکتور قاسملوویان لە پانتاییەکی گەورەتردا، کردە هەوێنی هاوسۆزی و یەکڕیزیی نەتەوەیی کورد.
کوردستانییان و نێشتمانپەروەرانی گەلەکەمان، هەر لە باکووری کوردستان، لە ڕووسیە، لە قەزاقستان، لە قامیشلووی ڕۆژئاوای کوردستان، لە هەولێر و سلێمانیی باشووری کوردستان و دیاسپۆرای کورد لە ئورووپا و هەندەران و لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشێوەی جۆراوجۆر، وێڕای یادکردنەوە لەم ڕووداوە تاڵە و ئەم پیلانە دوژمنکارانەیەی، کە بەهۆی ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێرانەوە دژ بە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چووە، هاتنە دەنگ و وێڕای شەرمەزارکردنی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئێران، داوای وەگەڕخستنی دۆسیەی ئەم تێرۆرەیان، لە دەوڵەتی ئۆتریش کرد و هاوکات هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆیان لە حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ وەدیهێنانی مافی ڕەوای گەلی کورد کرد.
هەر بۆیە لە لایەن دەزگای پێوەندییە گشتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی دوکتور قاسملوو و هەزاران شەهیدی دۆزی ڕزگاری و سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، ئەوپەڕی پێزانین و سپاسی خۆمان بە تێکڕای، حیزب و لایەنە خەباتکارەکان لە هەر چوار بەشی کوردستان، فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی کوردانی سۆڤیەتی پێشوو، دامەزراوەی مامۆستا "ئیسماعیل بێشکچی"، دۆستی دێرینی کورد لە تورکیە، کۆمەڵەی ڕووناکبیرانی جزیرە لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها ڕووناکبیران، ئەکادیمییەکان و سەرجەم نیشتمانپەروەرانی گەلەکەمان و دامودەزگای ڕاگەیاندن و میدیاکان، دەردەبڕین کە بە زەحمەت و تێکۆشانی خۆیان، توانییان ئەم بۆنەیە بکەنە کارنەڤاڵی یەکڕێزیی نیشتمانی و هێز و ورەیەکی زیاتریان دایە شۆڕشگێڕانی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تاکوو بە شێوەیەکی کاریگەرتر و بە خۆڕاگریی زیاترەوە، بتوانن بە خەباتی شێلگیرانە دژ بە ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران، لە سەرکەوتنی یەکجاری نزیک ببنەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەزگای پەیوەندییە گشتییەکان
١٤ی جوولای ٢٠١٩، بەرامبەر بە ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٩٨