کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕاگەیاندنی گشتی: پرێستیژی حیزبی دێموکرات زۆر بەرزتر لە ئاستی پرێستیژی ڕێژیمی ئێرانە

16:22 - 18 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: دەزگای ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕوونکردنەوەیەکدا، بڵاوی کردووەتەوە کە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراق ئاکامی سیاسەتی ئاژاوەگێڕیی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدایە و خەڵکی ناوچەکە لە سیاسەتی ڕێژیمی ئێران بێزارن.

دەقی ڕوونکردنەوەکە بەم چەشنەیە:

ڕوونکردنەوەیەک لەسەر چەواشەکارییەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە حیزبی دێموکرات؛

لە درێژەی چەواشەکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ بە بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکرات، ڕۆژی چوارشەممە، ١٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی، ماڵپەڕی "بووڵتەن نیووز" سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم بە بڵاوکردنەوەی بەناو ڕاپۆرتێکی تایبەت، هەوڵی داوە بۆ شاردنەوەی دوایین دەرکەوتەکانی دۆڕاوی و بێ ئابڕوویی سیاسیی خۆی لە ناوچەکەدا، بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بکاتە ئامانجی تەبلیغاتێکی بێ بنەما و پرێستیژی حیزبی دێموکرات هەتا ئاستی نزمی خۆیان دابەزێنێت.

لە بەناو ڕاپۆرتەکەی ئەو ماڵپەڕەی ڕێژیمدا بانگەشەی ئەوە کراوە کە لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ڕاپەڕیوی شارەکانی عێراق و بەتایبەتی ڕووداوی هێرش بۆ سەر کۆنسولخانەی ئێران لە کەربەلا، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لایەنێکی باشووری کوردستان ڕۆڵێکی کارایان هەیە و هەر ئەو کەسانەن کە لە سووتاندن و دڕاندن و ژێر پێخستنی ئاڵای کۆماری ئیسلامی و وێنەی ڕێبەران و کاربەدەستانی ڕێژیمدا دەستیان هەیە و دروشمی دژ بە داگیرکاری و دەستێوەردانی ئێران لە عێراقدا دەڵێنەوە و لە بەرچاوی ڕاگەیەنەکاندا وا دەنوێنن کە خەڵکی عێراقن.

لێرەدا وێڕای وەدرۆخستنەوەی ئەو هەواڵە بێ بنەمایە، جەخت دەکەینەوە کە ئەو ڕادەیە لە ڕووهەڵماڵراوی و چەواشەکردنی ڕاستییەکان تەنیا لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە ڕیاکار و ئاژاوەگێڕە دەوەشێتەوە.

لای کەس شاراوە نییە و خودی ڕێبەرانی ڕێژیمیش باش دەزانن کە هێرش بۆ سەر کۆنسولخانە و سووتاندن و دڕاندنی ئاڵا و وێنە و هێماکانی کۆماری ئیسلامی لە عێراق و بە تایبەتی لەنێو شارە شیعەنشینەکانی ئەو وڵاتەدا تەنیا دەرئەنجام و بەرهەمی ڕاستەوخۆی سیاسەتی کاولکارانەی ئەو ڕێژیمەیە. لە ڕاستیدا ئەو ڕق و بێزارییە کە ئەمڕۆ گەلانی ناوچە لە لوبنان و سووریەوە تا شەقامەکانی کەربەلا و نەجەف و بەسرە هێناوەتە سەر شەقام، دەرهاوێشتەی ڕاستەقینە و چاوەڕوانکراوی سیاسەتە کاولکارییەکانی ڕێژیمی ئێران و هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدایە.

هەموومان شاهیدی ئەوە بووین کە لە خۆپیشاندانی ناڕەزایی شارەکانی ئێران بەتایبەتی شارەکانی وەک قوم و مەشهەد لە ماوەی ڕابردووشدا خەڵکی وەزاڵەهاتوو وێنەکانی ڕێبەرانی ڕێژیم و هێماکانی ئەو دەسەڵاتە دژی گەلییەیان ئاگر تێبەر دەدا و لە دروشمەکانیاندا ڕق و بێزاریی خۆیان لە دیکتاتۆری و گەندەڵی و ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیم دەربڕی. پرسیار ئەوەیە کە گەلۆ هاندەر و ڕێکخەری ناڕەزایەتییانەکانی خەڵکی قوم و مەشهەدیش هەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کوردەکانی هەرێمی کوردستان بوون؟

کۆماری ئیسلامی باش دەزانێت کە ئەگەرچی خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکرات یەکەم لایەن بوون کە سیمای ڕاستەقینەی ئەو ڕێژیمەیان بۆ دەرکەوت و لە بەرامبەریدا قارەمانانە ڕاوەستان، بەڵام ڕقی قووڵ و بێزاریی بەربڵاوی ئێستای گەلانی ناوچەکە لەو ڕێژیمە ئاکامی ئەزموونی هاوبەشی گەلانی ناوچە و تاقیکردنەوەی دروشم و ئیدئۆلۆژییەکانی ڕێژیم بە بەهای خوێنی ڕۆڵەکانیان و خاپووربوونی وڵاتەکانیانە.

لەوانەیە کۆماری ئیسلامی لە ڕابردوودا توانیبێتی بە کەڵک وەرگرتن لە هەست و سۆزی ئایینیی گەلانی ناوچە و لەژێر دەمامکی ئایین و دڵسۆزیی درۆیین بۆ گەلانی دراوسێدا پێگەیەک بۆ خۆی لە هێندێک شوێن دەستەبەر بکات، بەڵام ئێستا سەردەمی ڕاچڵەکانی خەڵکی ئەو وڵاتانە لە بەرانبەر داگیرکارییەکانی ئێراندایە و خەڵکی عێراق و هەموو ناوچەکە و جیهان لەوە تێگەیشتوون کە بوونی کۆماری ئیسلامی ناکۆکییەکی قووڵی لەگەڵ بەختەوەری و پێکەوەژیانی هێمنانە و ئازادیی ئەوان هەیە. هەر بۆیە ڕێژیم دەبێ ڕووخانی پێگەکانی خۆی لەنێو خەڵکی ناوچەدا وەکوو ڕاستییەک قبووڵ بکات و بە سیاسەت و بەرنامە هەڵەکانی خۆی لە دەرەوە و نێوخۆی ئێراندا بچێتەوە، نەک ئەوەی کە بە هێنانەوەی پاساو و بیانووی سەیر و سەمەرەی وەک هەمیشە خۆڵ لە چاوی خەڵک بکات.

بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی حیزبی دێموکرات هەمیشە و لە هەموو سەردەمێکدا لە هەموو شێوازەکانی خەباتی ڕەوا و سەردەمیانە بۆ بەرگری لە ماف و کەرامەتی خۆی کەڵکی وەرگرتووە،  نە ئەو بزووتنەوەیە پێویستی بەوەیە کە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراق بکاتە هەلێک بۆ خۆدەرخستن و نە خەڵکی عێراقیش پێویستیان بەوەیە کە خەڵکی دیکە ئاراستەی خۆپیشاندانیان بۆ دیاری بکەن.

لە کۆتاییدا بۆ جارێکی دیکە وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پرەنسیپە سیاسییەکانی حیزبەکەمان، ئەو جۆرە دەنگۆیانەی ڕێژیم ڕەت دەکەینەوە و ڕایدەگەیەنین کە حیزبی ئێمە هیچ پێوەندییەکی بە ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژانەی شارەکانی عێراقەوە نییە و ئەوەی کە هەیە، تەنیا لافاوی ڕقی گەلانی ناوچەکەیە کە لە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەزاڵە هاتوون و ئامانجیان کۆتاییهێنان بەو بارودۆخە نالەبارەیە کە بەهۆی ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی ئێران باڵی بە سەر وڵاتەکەیاندا کێشاوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕاگەیاندنی گشتی

١٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی