کوردستان میدیا: بەشی ئاشكرای دەزگای ڕێكخستنی گشتیی حیزب، سەبارەت بە دۆخی قەیراناویی ئێران لە ئاستی نێونەتەوەیی، هەرێمی و ناوخۆیی و هەروەها سیاسەت و ستراتێژیی خەباتی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازانەی حیزبی دێموكرات و كار و تێكۆشانی حیزب لەو پێوەندییەدا، سێمینارێكی تایبەتی بۆ بەشێك لە ئەندامانی حیزب بەڕێوە برد.
ڕۆژی شەممە، ١١ی ڕەشەممە، سێمینارێکی تایبەت لە لایەن دەزگای رێکخستنی گشتیی حیزبەوە بەڕێوەچوو.
بەڕێوەچوونی ئەم سمینارە هاوكات بوو لەگەڵ ڕووداوی مێژوویی تێپەرینی چل ساڵ بە سەر ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشكرای حیزبی دێموكرات لە لایەن ڕێبەری مەزنی كورد "د. عەبدولرەحمان قاسملوو" لە میتینگێكی گەورەی شاری مەهاباد.
سمینارەكە لە دوو پانێل پێك هاتبوو:
لە پانێلی یەكەمدا، بەڕێز "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران باسێكی تایبەتی، سەبارەت بە هەلومەرجی ئێستای ئێران و ئەو گیروگرفت و قەیرانانەی كە ئێران بە هۆی سیاسەتی هەڵە و دوژمنكارانەی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێونەتەوەیی و هەرێمی و نێوخۆییدا لەگەڵی بەرەوڕوویە كرد و تیشكی خستە سەر خەبات و تێكۆشانی حیزبی دێموكرات لەو پێوەندییەدا.
بەڕێز هیجری لە سەرەتای وتەكانیدا، بە بۆنەی نزیك بوونەوە لە جێژنی نەورۆز و ساڵی نوێ، پیرۆزبایی لە ئەندام و لایەنگرانی حیزب كرد و سوپاس و پێزانینی خۆی لە كار و تێكۆشانی ئەندامانی حیزب لە ماوەی ڕابردوودا كرد. دواتر ئاماژەی بەوە كرد كە ئێمە هەر لە سەرەتای هاتنە سەركاری ئەو ڕێژیمەدا، باوەڕمان پێی نەبووە، چوونكە پێمان وابووە كە ئەو ڕێژیمە ناتوانێت ویست و داخوازی خەڵك دابین بكات و ئاشتی و ئازادی و یەكسانی لە كۆمەڵگادا جێگیر بكات. دوای ساڵانێكی دوور و درێژ لە خەبات و تێكۆشانمان ئێستا لە ڕووخانی ڕێژیم نزیك دەبینەوە. لە ئاستی نێونەتەوەییدا تەحریم و ناڕەزایەتییەكان بە دژی ئەو ڕێژیمە ڕۆژ لە ڕۆژ لە پەرەسەندندایە. وڵاتانی ناوچە لە سیاسەتی تیرۆر و دەستێوەردانی ڕێژیم بێزارن و هەنووكە یەكگرتووییەكی هەرێمی بە دژی ئێران دروست بووە. لە ئاستی نێوخۆییشدا ڕێژیم لەگەڵ قەیرانی قووڵی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ژینگەیی بەرەوڕوویە و مەشرووعییەتی خۆی لە بواری سیاسی و ئایینییەوە لە دەست داوە و بێزاری و ناڕەزایەتییەكانی خەڵك بە دژی ڕێژیم گەیشتووتە لووتكەی خۆی. ڕێژیم وەڵامدەری ئەم دۆخە قەیراناوییە نییە و سەرەتای ڕووخانی دەستی پێكردووە.
هیجری هەروەها لە قسەكانیدا وتی: پێویستە ڕۆژهەڵات ببێ بە هێزێكی شوێندانەر بۆ ئەوەی كە كورد لە ئێستا و دوای ڕووخانی ڕێژیم جارێكی دیكە پەراوێز نەخرێت. خەباتی ئێمە دوای ڕووخانی ڕێژیمیش هەر بەردەوام دەبێت. داهاتوومان لە ئێستاوە سازماندەهی دەكەین. حیزبی دێموكرات دەبێ ببێت بە چەترێكی گەورە بۆ كۆكردنەوەی گشت بیر و بۆچوونێكی نیشتمانپەروەرانە و ئازادیخوازانە و هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان لە دەوری خۆمان كۆ بكەینەوە. دەبێ ئەوە بزانین كە حەقانییەت تەنیا لە لای حیزبی دێموكرات نییە و هێز و لایەنی سیاسی دیكەش حەقانییەتیان پێیە. ئێستا سەردەم سەردەمی هێز و توانایە. ئەگەر هێز نەبی حیسابت بۆ ناكرێت. سەرەڕای چل ساڵ زەبروزەنگی كۆماری ئیسلامی خەڵكی خەباتگێڕ و خۆڕاگری كوردستان بە چۆكدا نەهاتوون و خەبات بەردەوامە. بزاڤی ڕاسان و حیزبی دێموكرات گرینگیەكی تایبەتیان داوە بە خەباتی مەدەنی وەك بەهێزترین و شوێندانەرترین خەبات لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانن. حیزبی دێموكرات شوێندانەریی ڕاستەوخۆی بووە لە سەر یەكگرتوویی و پێكەوە كاركردنی هێز و لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵات و پێكهێنانی ناوەندی هاوكاری حیزبە رۆژهەڵاتییەكان و هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە ئازادیخواز و پێشكەوتنخوازەكانی ئێرانی، بەرهەمی باوەڕمەندی و پابەندبوونی حیزبی دێموكراتە بە یەكگرتوویی سیاسی و هاوخەباتیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان.
ناوبراو هەروەها وتی: پێویستە خۆمان ئامادە بكەین بۆ مێتۆدێكی نوێ لە خەبات. ئێمە ئەگەر هۆشیار نەبین و لە دەرفەتەكان باش كەڵك وەرنەگرین و نەبین بە هێز، كۆماری ئیسلامیش بڕووخێت بە مافەكانمان ناگەین. دەبێ هەموومان پێكەوە كار بكەین و یەكگرتوویی حیزبەكەمان بپارێزین. یەكگرتوویی بریتییە لە دیفاع كردن لە سیاسەتی ڕاگەیەندراوی حیزب، بەرفراونتركردنی ئاستی خەبات و تێكۆشانمان لە ڕووی ڕێكخستنی دیپلۆماسی و ڕاگەیاندنی و هەروەها بەهێزكردنی خەباتی پێشمەرگانە و بزاڤی ڕاسان. ئەندامانی حیزب دەبێ تێبكۆشن كەسانی نیشتمانپەروەر و ئازادیخواز لە دەوری حیزب كۆ بكەنەوە و ئەركی ئەندامی حیزبە که دیفاع لە سیاسەتی حیزب بكات و زیاتر لە جاران خۆی ماندوو بكات و تێبكۆشێت. داهاتوو بۆ ئێمە زیاتر لە هەموو كاتێك ڕوونترە. ئێستا كاتی چنینی بەرهەمەكەیەتی. پێویستە تێبكۆشین تاكوو بەرهەم و ماندووبوونی چەندین دەیەمان بە فێرۆ نەچێت.
پاش تەواو بوونی باسەكە، بەشدارانی سێمینار، ڕاوبۆچوونی خۆیان سەبارەت بە باسی پێشكەشكراو خستە بەرباس كە دواتر لە لایەن بەڕێز لێپرسراوی گشتی حیزبەوە، وەڵامی پرسیار و سەرنجی هاوڕێیان درایەوە.
لە پانێلی دووهەمی ئەم سمینارە دا، هەریەك لە هاوڕێیان "تاهیر مەحموودی" بەرپرسی دەزگای ڕێكخستنی گشتی حیزب و "دارا ناتق" جێگری دەزگای ڕێكخستنی گشتی، تیشكیان خستە سەر خەبات و تێكۆشانی ماوەی یەك ساڵی ڕابردووی دەزگای ڕێكخستن بە گشتی و بەشی ئاشكرای دەزگای ڕێكخستن بە تایبەتی و ئاماژەیان بەوە كرد كە لە ماوەی یەك ساڵی ڕابردوودا، بە هەوڵ و ماندووبوونی سەرجەم ئەندامانی حیزب ئاستی كار و تێكۆشانی ڕێكخستنیمان بەرچاو و شوێندانەر بووە و گرینگی زیاتر بە سەرلەنوێ ئۆرگانیزە كردن و پەروەردە كردنی ئەندامانی حیزب لە بوارە جوراوجۆرەكاندا دراوە و ئەم بەشە پێشوەچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە و بێگومان بە بێ كەموكۆڕیش نەبووە. دواتر داوا لە بەشداربووان كرا كە لە چوارچێوەی كار و تێكۆشانی دەزگای ڕێكخستن لە ماوەی ڕابردوودا هەر ڕەخنە و پێشنیارێكیان هەیە بیخەنە بەر باس. لە كۆتاییدا لە لایەن بەرپرس و جێگری دەزگای ڕێكخستنی گشتیی حیزبەوە، وەڵامی پرسیار و ڕەخنە و پێشنیاری بەشداربووان درایەوە.