کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتی ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە

18:04 - 13 جۆزەردان 2720

دەزگای رێكخستنی گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، سەرجەم ئەو گرووپ و لایەنانەی کە بە ناوی حیزبی دێموکراتەوە چالاکی دەکەن سەر بە حیزبی دێموکرات نین و لە هاوکاریکردنیان خۆ بپارێزن.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران!

دۆستان و ئۆگرانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان!

سەرەڕای ڕاگەیەندراوی پێشووتری دەزگای ڕێكخستنی گشتی و ڕوونكردنەوەكانمان لەمەڕ ڕێكخستنی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بەتایبەتی كاناڵ و ماڵپەڕ و دەزگا فەرمییەكانی حیزبەكەمان، هەتا ئێستاش جاروبار دەبینرێت كە هێندێک كەس و لایەن بە كەڵكاژۆ وەرگرتن لە ناوی پیرۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕاسانی رۆژهەڵات، بە ناوی جۆراوجۆر و لێدوانی چەواشەكارانە هەوڵی بەلاڕێدابردنی هەست و هێزی لاوانی خەباتکاری گەلەكەمان دەدەن و بە پەلاماردانی مەبەستدارانە، هەوڵی خەوشداركردنی تێكۆشەرانی دەروەستی حیزبەكەمان دەدەن.

بەم هۆیەوە جارێکی دیکە ڕادەگەیەنین كە وێڕای پێداگری لەسەر ڕاگەیەندراوەكانی پێشووی دەزگای ڕێكخستنی گشتیی حیزب و دەزگای ڕاگەیاندنی حیزبەكەمان لەو پێوەندییەدا، هیچ گرووپێک بە ناوی ڕێكخستنی نیزامی وەک "هەڵۆ سەربەخۆكانی دێموكرات" یان بە هەر ناوێکی دیکەوە هیچ پێوەندییەکیان بە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە نییە، هەر بۆیە داواكارین هەر كەس و لایەنێک بەو ناوانەوە پێوەندییان پێوە گرتن و داوای هاوكارییان لێكردن ڕاستەوخۆ بە دەزگای ڕێكخستنی گشتییان بناسێنن و لە وڵامدانەوەیان خۆ ببوێرن.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران

ڕێكخستنی گشتی

١٣ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی