کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتی بۆ ڕووداوی هاتوچۆی سەقزـ مەریوان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

17:12 - 14 جۆزەردان 2721

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە دڵگرانین بە لەدەستدانی چوار تێکۆشەری ژینگەی  ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و برینداربوونی کۆمەڵێک لە هاوڕێ و هاوخەباتەکانیان .

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

نیشتمان سەوز و ڕۆڵەکانی سەربەرزن

بەداخەوە ڕۆژ نییە ڕووداوی دڵتەزێن و کارەساتی خەمهێنەر بەرۆکی نیشتمانی خۆشەویستمان نەگرێ و برینێکی نوێ نەکەوێتە سەر جەستەی کوردستان.

لە سێبەری دەسەڵاتی شووم و خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامیدا کوردستان کراوەتە مۆڵگەیەکی گەورەی نیزامی و بە چەکداری گوێلەمست و ڕەنگاوڕەنگ ئاخنراوە.

هەموو دەرەتان و ئیمکاناتی خزمەت بە خاک و خەڵکی کوردستان به گەرووی مشەخۆران و دەسەڵاتدارانیان دادەکرێ و وڵات و زێد و ژینگە بوونەتە قوربانیی لێکەوتەکانی ئەم حکوومەتە زۆروێژ و کۆنەپەرست و ماڵوێرانکەرە.

هەر لەو سێبەرە نگریسەدا ژینگەی کوردستان یەکێکە لە قوربانییەکان و هەر جارەی سووچێکی خاکەکەمان دەکەوێتە بەر لرفەی بەئەنقەست یان دەستەوەستانی و ناکارامەیی دەسکردی دام و دەزگای بەناو خزمەتگوزاریی دەوڵەتی بە پانتایی کوردستان.

دڵگرانین بە لەدەستدانی چوار تێکۆشەری ژینگەیی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و برینداربوونی کۆمەڵێک لە هاوڕێ و هاوخەباتەکانیان .

 حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی لە تێکڕای خەڵکی کوردستان، ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و بنەماڵەی شەهیدانی ژینگە خاتوو "شوعلە قادری، داوود باخیش، ئارشام عەزیزی و کاوە خوسرەوزادە" دەردەبڕێ و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

 دەزگای ڕێکخستنی گشتی

١٤ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی