کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتی بۆ کۆچی دوایی کاک "عومەر قازی" ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

13:40 - 1 بانەمەڕ 2722

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرینی حیزب و زیندانیی سیاسیی خۆڕاگر کاک ''عومەر قازی'' لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرەخۆشیی لە هەموو تێکۆشەرانی دێموکرات و بنەماڵەی سەربەرزی کاک عومەر کرد.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕۆژی ٣١ خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی ھێمای خۆڕاگریی ڕێگای ئازادی کاک ''عومەر قازی'' کۆچی دوایی کرد.

''عومەری قازی'' کەسایەتیی ناسراوی گەلەکەمان و خەباتکاری ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە. کاک عومەر قازی لە هەڕەتی لاویدا تێکەڵ بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات بووە و چالاکانە لە کۆمیتەکانی حیزبدا کاری ڕێکخستن و هاندانی خەڵکی بۆ بە گژداچوونەوەی زۆرداری خستۆتە ئەستۆ.

لە بزووتنەوەی جووتیارانی ناوچەی موکریاندا بە هەموو توانایەوە بەشداریی کردووە و دواتر پاش کودەتای نگریسی ڕێژیمی پەهلەوی وێڕای ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی حیزب دەسبەسەر و زیندانی و ئەشکەنجە دراوە. ئازایانە بەشدار و هاندەری جەماوەر بووە لە دژی ڕێژیمی پاشایەتی و لە شۆڕشی گەلانی ئێراندا لە کوردستان ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە. پێویست بە ئاماژەیە کە کاک عومەر لە بنەماڵەی بەناوبانگی پێشەوای نەمر قازی محەممەدە.

تێکۆشەر کاک عومەر هەموو وزە و توانای لە تازەلاوییەوە تا دوابڕستی تێکۆشانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا تێکۆشا، لە ئەندامیەتیی ڕێکخراوی شارستانی مەهابادەوە تا بەرپرسیاریەتیی کۆمیتەی حیزب لە ورمێ و ئەندامی کۆمیتەی قەزایی و بەرپرسی ئەو کۆمیتەیە لە بۆکان و گەلێک بەرپرسایەتیی دیکە.

خەبات و دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتمان لە تایبەتمەندییە هەرە بەرچاوەکانی کاک عومەر بوون، ئەو ئەوینداری نیشتمان و ڕۆڵەکانی گەل ئەمەگداری کاک عومەرن.

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە هەموو تێکۆشەرانی دێموکرات و بنەماڵەی سەربەرزی کاک عومەر دەکات و لەو خەمەدا خۆی بە شەریک و بەشدار دەزانێت.

ڕووحیان شاد و ڕێگای ئامانجەکانیان پڕ ڕێبوار

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتی

١ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی