کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتی حیزب سپاسنامەیەکی بڵاو کردەوە

10:56 - 4 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی تێکۆشان و هەوڵی بێوچانی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب بۆ هەرچی باشتر بەڕێوەبردنی ئەرکە پێئەسپێردراوەکان لە ماوەی ڕابردوودا و هەرچی بەشکۆتر بەڕێوەچوونی جێژنی دووی ڕێبەندان، سپاسنامەیەکی تایبەتی ڕوو لە ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزب بڵاو کردەوە.

دەقی سپاسنامەکە بەم چەشنەیە:

هاوڕێیانی ئەندام، لایەنگر و دۆستانی خەباتکاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ئەمەکداری و وەفا و ڕێزەوە دەڕوانێتە چالاکی و تێکۆشانی بێدرێغ وماندوویی نەناسانەتان.

بێگومان، چالاکییەکانتان هێما و نیشانی بوونی بەهێز و توانای حیزبە خۆشەویستەکەتانە لە گۆڕەپانی خەباتی ڕزگاریی نەتەوەکەمان و لە جەرگەی نیشتماندا و لەدڵ و دەروونی خەڵکی ڕزگاریخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

نەوەستان و بزووتنی ڕووبارئاسا و ڕوولەگەشە و پشکووتنتان هەوێنی ئومێدە لە باوەڕی گەلدا و خورپە و ترس و تۆقانە لە هەناوی دوژمنی داگیرکەری ماف و ئازادییەکانماندا.

ئێوە، بەدەم ڕێنوێنی و بانگەوازی حیزبەکەتانەوە بە ڕاپەڕاندنی ئەرک و ئەسپاردەکانتان، بێ ترس و سڵکردنەوە لە سامی سپای زۆرداری حکوومەتی تاران، بوونەتە تین و گوڕ و هیوا و ئەوینی خەڵکی کوردستان بە خەبات و خۆڕاگری و سوور و شێلگیریی حیزبەکەتان لە نەسرەوتن تا سەرکەوتن.

سیمای دیاری کار و تێکۆشانتان بەڕوخساری شار و شەقام وگوند و پێدەشت و شاخەوە بوونەتە بەرگی ڕازاوەی باڵای ڕۆژهەڵاتی وڵات و میداڵی شانازی بە بەرۆکی حیزبەکەتانەوە.

لە سەرماوەز و یەڵدادا و لە۲ی ڕێبەندانی شکۆی ڕۆژژمێری کوردستاندا هێند دلێرانە سەرتان هەڵبڕی کە ڕۆژهەڵات گەردنی هەڵێنا و دایکی نیشتمان بزەی کەوتە سەرلێوان.

شانازیتان پێوەدەکەین، هەر ئێوەن نرکە و ڕاپەڕی خەباتی شاخ، ئێوەن بزوێنەر و داینەمۆی ڕاسانی شار.

دەستتان دەگوشین کە دەستبەری ئازادیی گەل و ڕزگاریی نیشتمان دەکەن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتی

٤ی ڕێبەندانی ۱۳۹۷