کوردستان میدیا: لە دووتوێی سپاسنامەیەکدا دەزگای ڕێکخستنی گشتی حیزبی دێموکرات ڕوو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، ڕایگەیاند کە ئێوە داینەمۆی ڕاسانی شارن.
دەقی سپاسنامەکە بەم چەشنەیە:
سپاسنامە و ڕێزلێنانی دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات
ڕۆژانی حەماسەی پشتیوانیی جەماوەری، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەرەوی وڵات، لەو ڕۆژە پڕشنگدارانەن کە ئێوەی تێکۆشەر، لێبڕاوانە بوونە هەوێنی ڕاسانی کۆمەڵانی خەڵک و سەرکەوتن و سەرفرازییەکی ترتان لە ڕەوتی خەبات و تێکۆشانتاندا تۆمارکرد.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژی ٢١ی خەرمانان لەو ڕۆژە گەشانەیە کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ پشتیوانی لە ڕۆڵە خەباتکارەکانیان بە گەردەلوولی بێدەنگی لە حکوومەتی داگیرکەری ماف و ئازادییەکانیان ڕاسان.
ئێوەی تێکۆشەر لە کوردستان و بەشێکی بەرچاوی وڵاتانی جیهان، بوونە پێشەنگی ئەم ڕاسانە جەماوەرییە. شانازیتان پێوە دەکەین کە لە خۆرهەڵاتی نیشتمان، لە قەسر و سەرپێڵ و کرماشان، لە ڕوانسەر و جوانڕۆ ولە پاوەی هەورامان، لە سنە و کامیاران، بانە و مەریوان و سەقز و بۆکان تا مەهاباد و خانێ و شنۆ و نەغەدە و لاجان، لە شار و دێ لە دزەی مەرگەوەڕ و سیاوەشانی ورمێ، نەخشی بەرچاو و کاریگەرتان گێڕا .
دەزگای ڕێکخستنی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەوڵ و تێکۆشانتان بەرز دەنرخێنێ و ڕێز لە ماندوویی نەناسی و ئیرادە و تواناتان دەگرێ.
ئێوە سەرەڕای بوونتان بە داینەمۆی ڕاسانی شار، لە گەیاندنی دەنگ و ڕەنگی شەقامیش دا، تریبوونی ئەم بەرەنگارییە شکۆدارە بوون و دەمامکی درۆتان لە ڕوخساری دزێوی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان داماڵی و لمبۆزی هێزی بێزراوی تارانتان لە خاک و خۆڵی نیشتمان وەردا.
سەرکەوتنتان سەرکەوتنی حیزب و گەلە
بڕووخێ کۆماری ئیسلامی ئێران
بژی ڕاسان
دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی