کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتی لەمەڕ ئاڵۆزییەکانی ناوچەی "ماکۆ" ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

17:28 - 23 پووشپەڕ 2722

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارت بە شەڕ و تێکھەڵچوونی ئەم دواییانە لەنێوان چەند بنەماڵەی کورد و ئازەری لە "ماکۆ" لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە گەلی کورد و ئازەریی ناوچەکە کردووە بە وریایی و وشیارییەوە بەرەنگاری پیلانی پیلانگێڕانی ڕێژیم ببنەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانە بەڕێزەکان!

خەڵکی نیشمانپەروەر و ئاشتیخوازی ناوچەی ماکۆ!

هەروەک ئاگادارن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی ئاژاوەنانەوەی چەند کاربەدەستێکی بەدناوی ڕێژیم لە ناوچەی ماکۆ، شەڕ و تێکھەڵچوون لەنێوان چەند بنەماڵەی کورد و ئازەریی ئالاجیقی ماکوو لەسەر  هەوار و لەوەڕگە دروست ببوو کە بەداخەوە کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە.

ماوەیەکە بەهەلپەرستی، کێشە و ئالۆزیی مەبەستدار لە ناوچەی ''خۆی و ماکۆ' لەنێوان کورد و ئازەریدا دەخولقێندرێن، کە جێگای نیگەرانین.

 دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوون لە ڕوودانی ئەم جۆرە ئاڵۆزییانە داوا لە کورد و ئازەرییەکانی ناوچە دەکات بە زووترین کات کۆتایی بە گرژی و تێکهەڵچوونی نێوانیان بێنن و نەهێڵن کۆماری ئیسلامی ئاوی ئاشتی و پێکەوە ژیان لێڵ و ڕاوی ماسیی شەڕی لێ بکات.

داوا لە هاونیشتمانانی بەڕێز لە هەردوو گەلی برا، کورد و ئازەری دەکەین، بە وریایی و وشیارییەوە بەرەنگاری پیلانی پیلانگێڕانی ڕێژیم ببنەوە و پێش بە تەشەنەی ئەو جۆرە ڕووداوە نەخوازراوانە بگرن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتی