کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

15:39 - 25 خەزەڵوەر 2721

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە ئەندامێکی حیزبی دێموکرات بە ناوی "داوود ڕەحیمی" دوای دەسبەسەرکردن و ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر لە زیندانی ڕێژیمدا وێڕای هاونیشتمانییەک بە ناوی "ئەسعەد ڕامین''، شەهید کراون.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانییانی بەڕێز!

خەڵکی خەباتکاری کوردستان!

 جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەرەیان ئەستاندووە و دزێوترین شێوەی تێرۆر و تۆقاندن و ڕەشەکوژی لەلایەن دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان لە خۆرهەڵاتی کوردستان درێژەی هەیە.

 دامودەزگا دژی گەلییەکانی کۆماری ئیسلامی ماوەیەک لەمەوبەر ڕایانگەیاندبوو کە کۆمەڵە کەسێکیان بە تۆمەتی پیلانگێڕی دژی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی نەغەدە دەسبەسەر کردووە.

ئاگادار بووین کە لەنێو ئەو کۆمەڵە هاونیشتمانییەدا ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی "داوود ڕەحیمی" کە پێشتر پێشمەرگەی حیزب بووە و کوڕی پێشمەرگەی شەهید "ئەبووبەکر ڕەحیمیـ"ـیە دەسبەسەر و بە ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆرەوە ڕەوانەی زیندانەکانی ڕێژیم کراوە.

پاش ماوەی زیاتر لە مانگێک، کاربەدەستانی ڕێژیم لە نەغەدە، بنەماڵەی "شەهید داوود" و هاونیشتمانییەکی تر بە ناوی" ئەسعەد ڕامینـ"ـیان ئاگادار کردووەتەوە کە کەسەکانتان لە گرتووخانە گیانیان لەدەست داوە. هاوکات پێیان ڕاگەیاندوون کە ڕێگە نادەن پرسە و سەرەخۆشییان بۆ دابنرێت.

ڕاگەیاندنی هەواڵی ئەو جینایەتە لەلایەن ڕێژیمەوە لە حاڵێکدایە کە شەپۆلێکی نوێی دەسبەسەرکردنی لاوان و چالاکانی مەدەنی لە سەرتاسەری کوردستان دەستی پێ کردووە.

شەهید داوود ڕەحیمی کوڕی شەهید ئەبووبەکر ڕەحیمی، خەڵکی ئاوایی "چەقەڵ مستەفا"ی سەر بە شاری نەغەدە، ١٤/٠٧/١٣٦٥ی هەتاوی لەدایک بووە. ماوەی ٢ ساڵ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و پاشان وەک ئەندامی ڕێکخستنی نێوخۆ لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا تێکۆشاوە.

هەروەها شەهید ئەسعەد ڕامین کوڕی شەهیدی سەربەرزی ڕێگای ئازادی، کەریم ڕامینە و کە جیا لەوەی ئەندامێکی هەڵسووڕاوی حیزبی دێموکرات بوو هەمیش بۆ ماوەی ساڵێک لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتدا خزمەتی بە گەل و نیشتمانەکەی کرد.

بنەماڵەی شەهید داوود وەک هەموو هاونیشتمانییەکی نەتەوەپەروەر بە بەردەوامی لەژێر گوشاری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمدا بوون کە بنەماڵەی "ئەسعەد ڕامینـ"ـیش یەکێک لەو بنەماڵانە بوون.

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی "شەهید داوود ڕەحیمی" و دڵسۆزی گەل و نیشتمان "ئەسعەد ڕامین"، دڵنیایی دەداتە خەڵکی کوردستان کە خەبات و تێکۆشان تا گەیشتن بە ئامانجەکانی شەهید داوود و سەرجەم شەهیدانی کوردستان بەردەوامە و سەربەستی و ئازادی خەڵاتی خەڵکی کوردستانە.

نەمان و سەرشۆڕی بۆ ڕێژیمی جینایەتکار و دژەگەلی کۆماری ئیسلامیی ئێران

سەرکەوێ بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتی

٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی

١٦ی نوامبری ٢٠٢١ی زائینی