کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات: تێکدەرانی ژینگەی کوردستان لەقاو بدەن

17:20 - 18 خاکەلێوه 2720

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەنیسبەت تێکدانی ژینگەی کوردستان لەلایەن ڕێژیمی ئێران و دەستوپێوەندییەکانەوە؛ داوای لە خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی ئەندامانی حیزبی دێموکرات کرد، هەموو ئەو کەسانەی کە ژینگە تێک دەدەن ئاشکرا بکرێن.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانانی خۆشەویست

خەڵکی خەباتکار و نیشتمانپەروەری کوردستان

نیشتمان،زێد، ژینگە و بێشکەی ڕۆڵەکانمان و ئامێزی گەشە، پەروەردە و پێگەیاندنی نەوەکانمانە. نیشتمانی ئاوەدان و جوان و ڕازاوە، هێما و نوێنگەی کلتوور و پێگەیشتوویی ڕۆڵەکانییەتی. نیشتمانی ئاوەدان، ژینگەی پاک و دەڤەری ڕازاوە و جوان، پیت و پێزی خاک لە سێبەری خەمخۆری، مشوور و خزمەتی گەلەکەیەوە پێدەگات و گەشە دەکات.

ئێمە وەک هەموو تاکەکانی ئەم نیشتمانە بەرامبەر ئاو، خاک و ئاوەدانی و پێکهاتەکانی کە سەرچاوەی بەردەوامیی ژیانمانە بەرپرسیارین. گەلەکەمان زۆر باش ئەوە دەزانێ کە بە درێژایی تەمەنی دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کوردستان، بە بەردەوامی پیلانگێڕیی بۆ کاولکاری، لە بۆمب و  تۆپبارانەوە بگرە هەتا ئاورتێبەردانی بەئەنقەست و زۆر پیلانی دزێوی دیکە؛ هەوڵی تێکدانی ژینگە و وار و سروشتمانی داوە.

هەنووکەش هەر لە سایەی ئەم حکوومەتە گەندەڵ و کاولکارەدا بەشێکی زۆری لێڕەوار و بەستێنی ڕووبار و جوانییەکانی سروشتی وڵاتەکەمان کەوتووەتە مەترسی و لێواری هەڵدێری فەوتان و لەناوچوون.

ڕێژیمی گەندەڵ، نالێهاتوو و دوژمنکارلەگەڵ گەل و نیشتمانی کورد، نە دەیهەوێ و نەدەتوانێ پارێزگاری لە سروشتی نیشتمانەکەمان بکات. ئامرازە ئیداری و بەڕێوەبەرییەکانی ئەم ڕێژیمە هەر لە نەبوودا هێندەی دیکە دافەتاوە و فەوتاوە و ئەوی ماوە  دەزگای سەرکوت و زەبر و زەنگ و وێرانییە کە بەئاشکرا لە کوردستان دژی ژینگە و ئازادی و ئاوەدانییە.

ئەم ئامرازە دژەگەلییەی ڕێژیم لە کوردستان بە کەڵکاژۆ لە کۆمەڵێک قازانجویست و نەفس‌نزمی ناوچەیی و خۆبەکەمزان و ناوشیاری هێندێک دەڤەر، پەرە بەم دیاردە دزێوە دەدەن  و سروشتی نیشتمانەکەمان بەرەو زیانی قەرەبوو نەکراو و لێواری فەوتان و هەڵدێری لەنێوچوون دەبەن.

هەربۆیە هەرتاکێکی ئێمە پێویستە بە بەرپرسیارییەوە هەمبری هەڵوێست بگرین و دژی ڕاوەستین. بە هەر هۆیەک کەبۆمان دەکرێ بەر بەو ڕەوتە کاولکەرە بگرین.

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای ئەوەی داوا لەهەموو خەڵکی کوردستان دەکات کە بەوریاییەوە پارێزگاری لە زێدەکەیان بکەن، هەموو ئەندام و لایەنگرانی ڕادەسپێرێ کە بە هەموو توانایانەوە هەوڵی ئاشکراکردن و لەقاودانی پیلانەکانی ڕێژیم و دەستوپێوەندەکانی لە کوردستان بدەن.

هاونیشتمانان لە زیانەکانی زێدەڕۆیی و دەستدرێژی بۆ سەر سروشتی وڵاتەکەمان ئاگادار و وریا بکەنەوە، هانیان بدەن نەکەونە داوی قازانج و دەسکەوتی کورتخایەن و بە دەستی خۆیان هێلانەی ژیانی نەوەکانیان نەڕووخێنن.

جوانی و ئاوەدانی بۆ نیشتمان

بەختەوەری بۆگەل

سەرکەوتن بۆخەباتکارانی پارێزەری

 ژینگەی کوردستان

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتی

١٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی