کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات داواکارییەکی ڕوو لە خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە

10:58 - 1 رێبەندان 2720

دەزگای ڕێکخستنی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران داوای لە خەڵکی کوردستان کرد کە بۆ مەحکوومکردنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژی ٢ی "ڕێبەبەندانـ"ـدا خەڵک جلوبەرگی کوردی بپۆشن.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی خەباتکاری کوردستان!

هاونیشتیمانە بەڕێزەکان!

هەر وەک ئاگادارن ئاکارە شۆڤێنییەکانی دام و دەزگا تەبلیغییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی کەسانی ڕەگەزپەرەستی داردەست و زمانحاڵی دەسەڵاتەوە، بەردەوامن لە بێ ڕێزی بە کلتوور و ناسنامەی گەلانی بندەستی حکوومەتی ئێران و هەر جارەی بە گوێرەی پیلانی فەرمی و داڕێژراو، ئەم کردەوە قیزەون و دژە مرۆڤانەیە پاتە دەکەنەوە.

ئەم جارەشیان لە ڕاستای ئەو سیاسەتەی ڕێژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامیدا، ڕۆژی ٢٧ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی،  لە بەرنامەیەکی تایبەتدا و لە دەزگای فەرمی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیدا، بێڕێزی بە بەرگ و پۆشاکی ڕەسەن و ڕازاوەی کوردی کرا و هەروەک دیتمان لە ماس میدیا و دونیای مەجازیدا، چۆن هەستی خەڵکی دەروەستی کوردی چڕژاند.

 دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران داوا دەکات بەمەبەستی بەگژداچوونەوەی هەر جۆرە سیاسەتێکی شۆڤێنییانەی کۆماری ئیسلامی، ئەم بێڕێزییە لەلایەن گەلی کوردستانەوە ئیدانە بکرێت و بە پۆشینی بەرگی کوردی لە ڕۆژانی یادکردنەوەی دامەزراندنی "کۆماری کوردستانـ"ـدا، لە گوند و شار و شەقام و کۆڵانەکانی کوردستان و کەڵکوەرگرتن لە هێزی بە بڕشتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕێز بگرن لە کلتووری ڕەسەنی گەلەکەمان و پیلانە چەپەڵەکانی دەسەڵاتی خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامی لە نیشتیمانەکەمان بکەینە بڵقی سەر ئاو.

هەر شکۆدار بێ کلتووری کوردی

ڕازاوە و ئاوەدان بێ کوردستان

نەمان بۆ دوژمن و نەیارانی نەتەوەکەمان

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتی

١ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی