![](/content/upload/1/news/23579_w920.jpg)
دوای کێشەی نێوان عەشیرەکانی قەڵغانی و کویک، دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران داوای لە خەڵکی ناوچەی داڵاهۆ کرد کۆتایی بە کێشەکانیان بێنن.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
ڕاگەیەندراوی دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران لەسەر کێشە و تێکهەڵچوونەکانی ناوچەی داڵاھۆ
کۆمەڵانی خەباتگێری خەڵکی کوردستان
بە داخەوە ئەمڕۆ لە داڵاھۆ لەسەر کێشەی زەوی و زار لە نێوان عەشیرەتەکانی قەڵغانی و کویک شەڕ و تێکھەڵچوون ڕووی داوە، کە لە ئاکامدا بە داخەوە کوژراو و برینداری لێ کەوتووەتەوە.
خەڵکی تێکۆشەری ئەو ناوچەیە لە دێرزەمانەوە پێکەوە ژیاون و بە سەدان تێکۆشەریان لە ڕیزی خەباتگێرانی حیزبی دێموکراتدا بووە و ھەیە و ژمارەیەکی بەرچاویشیان تێکەڵ بە کاروانی شەھیدانی ڕێگای ڕزگاریی نەتەوەکەیان بوون.
وەک ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی داواتان لێ دەکەین لە ڕاستای ھێورکردنەوەی دۆخەکە ھەنگاوی بەکردەوە بۆ چارەسەریی بناخەیی ئەو کێشەیە ھەڵگرن و ھەموو ھەوڵی خۆتان بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە نەخوازراوە کە دڵی دوژمنانی گەل و نەتەوەکەمان خۆش دەکا بدەن.
کێشە و گرفتی نێوان ئێوە تەنیا لە بەرژەوەندیی دوژمنی ڕاستەقینەمان کۆماری ئیسلامیی ئێران دایە و زۆریش ئارەزوو دەکا کە ئەو ئاژاوەیە گەورەتر بکاتەوە و نەھێڵێ بە ئاشتی و برایەتی پێکەوە بژین.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران
دەزگای ڕێکخستنی گشتی
۱۱ی جۆزەردانی ۱٤۰۰ی هەتاوی