کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات سپاسنامەیەکی بڵاو کردەوە

12:30 - 26 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕوو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و خەڵکی خەباتکاری کوردستان سپاسنامەیەکی بڵاو کردەوە:

دەقی سپاسنامەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی خەباتکاری کوردستان!

لاوانی دڵ پڕ لە گڕی نیشتیمانپەروەری!

ئەندامان و لایەنگرانی بزووتنەوەی ڕزگاریی نەتەوەیی کوردستانی ئێران!

بە بۆنەی ڕاسانتان بە دژی دەسەڵاتی کولتوورکوژی کۆماری ئیسلامی، بە درێژایی چل ساڵ تەمەنی نگریسی لە کوردستاندا، ڕێژێمی داگیرکەری ماف و ئازادییەکانتان، هەروا دەستەوەستان و داماوە. ئێوەی دەروەست بە پاراستنی ژیوار و ژینگەمان، پارێزگاری لە ڕێسا و نەریت و دابی باومان، ئەویندار بە ئاسمان و خاک و ئاومان و مکوڕ و شێلگیر لە خەبات هەتا دەستەبەریی مافەکانمان، ئەمەکداری کردین کە سڵاوی پڕ لە ڕێز و وەفامان بنێرین بۆ ئیرادە و بڕوای پۆڵایینتان کە لە نیشتیمانمان، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە هەموو زێدی کورد لە ئێرانی ژێر چەپۆکی کۆماری ئیسلامیدا، داکۆکی لە پیرۆزییەکان و جیاوازییەکان و کولتووری ڕەنگاڵەی گەلەکەمان دەکەن. لە بەڕێکردنی ئەم ساڵماندا و بەرەوپیریی ساڵی تازە و نەورۆزی "نوێـ"ـیەوە، بەدەم پێشوازی لە کردنەوەی تاکی پەنجەرەی تیشکی هیواکانتان، سەرەڕای هەڕەشە و گوشار، قۆڵتان لێ هەڵماڵی و کوردستانتان لە قورم و تۆزی ساڵێکی دیکە لە تەمەنی داگیرکەران تەکاند و داماڵی.

لووتکەی جوانییەکانی وڵاتتان لە پانتایی نیشتیمانەوە بردە دیداری تەرەغە و بە شەکاندنەوەی ئاڵا و سروودی "ئەی ڕەقیب" و گۆڤەندی هەوری و جامانە، بانگی هەرمانی نەتەوەکەمانتان بە گوێچکەی جیهاندا گوڕاند.

لە تۆرمەی ئەم خاک و خەڵک و خەباتەدا ئەم گەل و نیشتیمانە دەڕەخسێت.

سڵاو لە باوڕ و شکۆی خەباتتان

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای رێکخستنی گشتی

٢٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاوی