کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات سێمینارێکی بەڕێوە برد

12:15 - 15 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سێمینارێکی سەبارەت بە ڕۆڵی ژن لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورددا بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە، ١٤ی بانەمەڕ، بەشی ئاشکرای دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات ، بە مەبەستی گرینگیدان بە ڕۆل و پێگەی ژنانی کورد لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد و ڕاسان بەتایبەتی، سێمینارێکی بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری کۆیە بەڕێوە برد.

ئەم سێمینارە لە دوو پانێل پێک هاتبوو، کە هەر یەک لە هاورێیان "ڕووناک فەتحی" ئەندامی ناوەندی سیاسی و "تاهیر مەحموودی" ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزب، بابەتیان پێشکەش کرد.

لە پانێلی یەکەمدا، ڕووناک فەتحی، باسێکی سەبارەت بە ڕۆڵ و پێگەی ژنی کورد لە خەباتی نەتەوەخوازیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

ناوبراو باسی لەوە کرد، ژنی کورد بەپێی قۆناغ و تایبەتمەندییەکانی مێژوویی بزاڤی نەتەوەخوازیی گەلەکەی وەکوو توێژێکی بزوێنەر، بەردەوام هێز و وزەی بە بەرەوپێشبردنی خەبات بەخشیوە و بۆ ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم بزاڤە کە خەبات بۆ ڕزگاربوون لە بندەستیی نەتەوەیی، وەدیهێنانی ئازادی و دێموکراسی، یەکسانی و دابینکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە، لە هەموو قۆناغەکاندا چ بە حزووری ڕاستەوخۆ لە خەباتی پێشمەرگانە چ وەکوو پشتیوانێکی بەهێزی خەبات لە هەموو ڕەهەندە جیاوازەکاندا شوناسی بە جووڵانەوەکە بەخشیوە. 

"فەتحی"، ئاماژەی بەوە کرد، کە ژنی کورد خەبات بۆ مافەکانی خۆی بە جیاواز لە خەباتی نەتەوەیی نازانێت، بەڵام ئەو ڕاستییەش ئینکار ناکرێت کە کۆسپ و لەمپەرەکانی سەر ڕێگای ژنان کەم نەبوون و نین، لە لایەک ژنی کورد لە لایەن دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان بەتایبەت ڕێژیمی ئیسلامی ئێرانەوە ڕووبەڕووی سەرکوت و زەبروزەنگ، دەسـبەسەرکردن و چەوساندنەوەی سیستماتیک بووە؛ لە لایەکی دیکە کەلتووری پیاوسالاری و نۆرمی چەقبەستووی کۆمەڵگا بەرانبەر بە ژن، خەباتی ژنی کوردی تووشی هەوراز و نشێوی زۆر کردووە.

 سەرەڕای هەموو ئەم کۆسپانە ژنانی چاونەترسی کورد، هەم ڕووبەڕووی دەسەڵاتی داگیرکەر وەستاونەتەوە و چۆکیان بۆ زوڵم و ستەم دانەداوە و هەروا شێلگیرانە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان پێداگرن.

لە پانێلی دووهەمدا: "تاهیر مەحموودی"، بەرپرسی دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات، تیشکی خستە سەر ڕۆل و بەشداریی چالاکانەی ژنانی کورد لە بزاڤی ڕاسان و گشت بوارەکانی خەباتی نەتەوەیی و ئازادیخوازیدا و هەوڵ و تێکۆشانی ژنان لە گۆڕەپانی خەباتی ڕزگاریخوازانەدا بەرز نرخاند.

"مەحموودی"، لە درێژەی قسەکانیدا، ئاماژەی بە سیاسەتی هەڵاواردن و سەرکوت و زەبروزەنگی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەرانبەر بە ژنانی ئێران بەگشتی و ژنانی کورد بەتایبەتی کرد.

ناوبراو وتی: سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگ و گیروگرفتانە، ژنانی ئێران بەگشتی و ژنانی کورد بەتایبەتی بوێرانە و بە ئیرادەیەکی بەرزی ئازادیخوازانەوە، بە دژی یاسا و ڕێسا دواکەوتووەکانی دەسەڵات و خەبات بۆ وەدەستهێنانی ئازادی و دابینبوونی مافی نەتەوایەتی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانی تێکۆشاون.

ناوبراو، هەروەها باسی لە خەباتی نوێی خۆرهەڵات و بزاڤی ڕاسان کرد و بە بایەخەوە تیشکی خستە سەر بەشداری و پشتیوانیکردنی ژنانی کورد لە خەباتی پێشمەرگە و هەروەها ڕۆڵ و فیداکاریی ژنانی کورد لە حەرەکەتە ئێعترازییەکانی نێوخۆ و بزاڤە فەرهەنگی، ڕۆشنبیری و ژینگەپارێزی و ...هتدی بە شوێندانەر و گرینگ وەسف کرد.

لە کۆتاییدا ئامادەبووان ڕاو و سەرنجی خۆیان هێنایە بەرباس و لە لایەن هاوڕێیانی کۆڕگێڕەوە وڵامیان درایەوە.