کوردستان میدیا: لەهەمبەر مانگرتنی ئەمڕۆی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە چەند شارێک بەهۆی بوونی هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر و گرانی و خراپی باری گوزەران مانیان گرت و دوکان و بازاڕەکانیان داخست، دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزب بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.
دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:
بەیاننامە سەبارەت بە مانگرتن لە چەند شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان
خەڵکی خۆڕاگری کوردستان
هەر وەک ئاگادارن، ئەمڕۆ دووشەممە، ١٦ی ڕەزبەر بازاڕیانی چەند شارێکی کوردستان دەستیان دایە مانگرتن و دوکان و بازاڕیان داخست.
مانگرتنی ئەمڕۆی چەند شاڕێکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە هاوکات لە شار و ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بەڕێوەچوو، رەنگدانەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستانە بەرامبەر بە دۆخی قەیراناویی ئابووری کە سەرتاپای وڵاتی گرتووەتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە وەک هاوخەباتی و پشتیوانی کردنی ناوچەکانی دیکەی ئێران هەژمار دەکرێت.
وەک سیاسەتی هەمیشەیی و پڕەنسیپی نەگۆڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پشتیوانی لەم مانگرتنانە و شێوەکانی دیکەی بەرەنگاریی مەدەنیانەی سەرجەم چین و توێژەکانی ئێران و کوردستان دەکەین.
هاوچەرەنووسیی گەلانی بندەستی ئێران و رووخاندنی رێژیمی کۆماری ئیسلامی، پێویستیی بە هاوخەباتی و یەكڕیزی زیاترە و ئەمەش بە خاڵی جەوهەریی خەباتی یەکلاکەرەوە لە دژی رێژیم دەزانین و لە داهاتووشدا پێداگری لە سەر دەکەینەوە.
لێرەدا جارێکی دیکە پشتیوانی خۆمان بۆ بەرەنگاریی مەدەنیانەی خەڵکی کوردستان و بازاڕیان دووپات دەکەینەوە و هاوکات جەخت لە سەر خەباتی جەماوەریی شارەکان دەکەینەوە.
سەرکەوێ خەباتی جەماوەریی
سەرکەوێ خەباتی شارەکان
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەزگای رێکخستنی گشتی
١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی
٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨ی زایینی