دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ ئاگاداریی کۆمەڵانی خەڵكی کوردستان بڵاوی کردەوە کە کاناڵی "ئاسۆی ڕۆژهەڵات" سەر بە حیزبی دێموکرات نییە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
ڕاگەیەندراوی دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
هاونیشتمانانی بەڕێز
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
هەر وەک لە ڕاگەیەندراوێکی پێشووتردا، لەمەڕ کۆمەڵیک گرووپ و کاناڵی میدیایی و کۆمەڵایەتیدا ڕوونمان کردەوە، کە حیزبی دێموکرات تەنیا بەرامبەر ئەو دامەزراوانە بەرپرسیارە کە بە فەرمی لەلایەن ئۆرگانێکی حیزبەوە بەڕێوە دەچن.
ژمارەیەک لەو گرووپ و کاناڵە بەناو میدیاییانە بە کەڵکوەرگرتن لە دەستەبەرییەکانی تۆڕە ڕێگەپێدراوەکان و کەڵکاژۆ لە پرستیژی بزووتنەوەی ڕەوای گەلەکەمان، بە ناوی ڕەنگاڵە و خوازراوی جۆراوجۆرەوە، کوێرانە کەوتوونە وێزەی کۆمەڵگا و بە بڵاوکردنەوەی تۆوی دڕدۆنگی، نیگەرانی و دڵەڕاوکێ، ژارپژێنی کەشی ڕەخساوی تۆڕە ئینتێرنێتییەکان دەکەن.
یەکێک لەو گرووپە بەر باسانە لەژێر ناوی "ئاسۆی ڕۆژهەڵات" لەو گۆلەدا مەلە دەکات.
ڕادەگەیەنین کە، هیچ کام لەوانە، لەژێر هیچ ناو و چەتر و پاساوێکدا پەسندی حیزبی دێموکرات و دامەزراوەکانی نین و لە ئەگەری ئاشکرابوونیاندا لەگەڵ تێهەڵکەوتی یاسایی ڕووبەڕوو دەبنەوە و سزای ئەو کردەوانە وەردەگرن کە زیان بە خەباتی جەماوەری و یەکڕیزیی کۆمەڵگا و شکۆی تاکی هاونیشتمانی دەگەیەنێ .
لەپێناو یەکڕیزی و هاوخەباتیدا، سڵاو دەنێرین بۆ تێکۆشەرانی دەروەستی ڕاسانی نوێی ڕۆژهەڵات.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەزگای ڕێکخستنی گشتی
ڕێکەوتی ٦ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی