کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی ‌حیزبی دێموکرات کۆبوونەوەیەکی بەڕێوە برد

13:28 - 14 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: دەزگای ڕێکخستنی گشتیی ‌حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆبوونەوەیەکی بۆ ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە سنووری هەولێر بەڕێوە برد.

ڕۆژی هەینی، ١٣ی بانەمەڕ، لە درێژەی كار و چالاكییەكانیدا، بەشی ئاشکرای دەزگای ڕێكخستنی گشتیی حیزب، كۆبوونەوەیەكی سیاسی و تەشکیلاتی بۆ هەر یەک لە هاوڕێیان "محەممەد ساحێبی"، بەرپرسی دەزگای ئەمنییەتی حیزب و "دارا ناتق"، بەرپرسی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزب، بۆ ئەندامانی حیزب لە هەولێر و دەوروبەری لە کەمپی جێژنیکان بەڕێوە برد.

سەرەتای كۆبوونەوەكە بە چەند ساتێک ڕاوەستان وەک ڕێز و وەفا بۆ یادی شەھیدانی ڕێگای ئازادی و حیزبی دێموكرات دەستی پێ كرد.

سەرەتای کۆبوونەوەکە "محەممەد ساحێبی" بەرپرسی دەزگای ئەمنییەتی حیزب، وتەیەكی پێشكەش كرد.

 ناوبراو لە باسەكەیدا، لەسەر ڕەوەندی گشتیی ئەمنییەت و چۆنیەتی خۆپاراستن لە بەرانبەر مەترسییەکانی سەر ڕێگای خەبات لە هەلومەرجی ئێستادا و بەرپەرچدانەوەی پیلانی ڕێژیم و دوژمنانی نەتەوەکەمان دوا و پاشان بە تیشك خستنەسەر دوو مژاری گرینگ لە ھەلومەرجی ئێستادا، كۆمەڵێك ڕێكار و ھۆشداری بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پیلانەكانی ڕژێم پێشکەش كرد.

بەرپرسی دەزگای ئەمنییەتی حیزبی دێموکرات، لەسەر شەڕی دەروونیی ڕێژیمی ئێران بەرانبەر بە حیزب و ڕاسان قسەی كرد و دواتر ئەو پیلانانەی ڕوون كردەوە، كە ڕێژێم بە كەڵكوەرگرتن لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكاندا كەڵكیان لێ وەر دەگرێت، ھەروەھا لە كۆتاییدا باسی لە ئەركی ئەندامانی حیزبی دێموكرات لە بەرانبەر ئەو پیلانانەی ڕێژیم كرد و داوای لە ئەندامانی حیزب کرد کە وشیارتر و چاوکراوەتر لە ڕابردوو و لە بەرانبەر مەترسی و پیلانەکانی ڕێژیم ڕابوەستن.

دواتر، "دارا ناتق" بەرپرسی ڕێكخستنی ئاشکرای گشتیی حیزب وتەیەكی پێشكەش كرد.

ناوبراو، ئاماژەی بە سیاسەتی دەوڵەتی ترامپ و گەمارۆوەکانی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و ئیزۆلەبوون و داڕووخانی ئابووریی ئەو وڵاتە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرد و  بە شیكردنەوەی دۆخی ئێستای ئێران و ناوچەكە و وێڕای وەبیرھێنانەوەی پرەنسیبە حیزبییەكان و ئەركی ئەندامان، ڕۆڵی ئەندامانی لە ھەلومەرجی ئێستادا بەرز نرخاند و باسی لەو پەیوەندییانە كرد، كە چۆن ئەندامەكانی حیزب، دەتوانن بە بەشداریی چالاكانە و بەڕێوەبردنی ئەركی حیزبی لە پێناو سەرخستنی ئامانجەکانی حیزب و بزاڤی "ڕاسانـ"ـدا ڕۆلی پێویست و مێژوویی خۆیان بگێڕن.

دارا ناتق وتی: هەموو سەرەداوەکان ئەوە پیشان دەدەن کە ئێران لە دەروازەی ئاڵوگۆڕی گرنگدایە و بەدوورە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بتوانێت لەژێر باری ئەم هەموو قەیرانانەدا پشتڕاست بکاتەوە، هەر بۆیە ئەم دۆخە هەستیارە پێویستی بە هاودەنگیی نیشتیمانی لە نێوان پارتە سیاسییەکان، ئیلتی کۆمەڵگە و جەماوەریی خەڵک هەیە و دەبێت چالاکتر لە جاران تێ بکۆشین.

ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا باسی شوێندانەربوونی حیزبی دێموكراتی كرد، كە وەكوو ھێزێكی سەرەكیی ئێستا لە گۆڕەپانی خەبات لە دژی ڕێژیمی ئێران لە مەیداندا تێ دەكۆشێت.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، ئەندامانی حیزب بە ڕا و بۆچوون و سەرنج و پرسیار لە هاوڕێیان "محەممەد ساحێبی" و "دارا ناتق"، كۆبوونەوەكەیان دەوڵەمەندتر كرد و كۆبوونەوەكە لە كەشوھەوایەكی كوردانە و دێموكراتانە كۆتایی پێ ھات.