ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٠، دەزگای ڕێکخستنی گشتی کۆبوونەوەیەکی تەشکیلاتیی بۆ بەرپرسانی کۆمیتەکان و بەرپرسانی بەشی ڕێکخستنی کۆمیتەکانی ئاشکرای حیزب لە هەرێمی کوردستان بە بەشداریی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات بەڕێز "مستەفا هیجری" پێک هێنا.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.
دواتر لەلایەن "تاهیر مەحموودی" بەرپرسی گشتیی دەزگای ڕێکخستن، وێرای بەخێرهاتنی لێپرسراوی گشتی و بەشداربووەکان، باسێکی کورتی لەسەر دۆخ و کۆسپەکانی سەر ڕێگای گرتنی کۆبوونەوەکان بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆناوە هێنایە بەر باس و هیوای خواست کۆبوونەوەکان دۆخی ئاسایی خۆیان بگرنەوە پێش و دواتر باسێکی لەسەر پێکهێنانی کۆنفڕانسەکان لە هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی بەرپرسانی نوێ بۆ کۆمیتەکان کرد.
پاشان "مستەفا هیجری" دوای پیرۆزبایی لەو بەڕیزانەی کە دەنگی متمانەی ئەندامانی حیزبیان بەدەست هێناوە و بوونەتە بەرپرسی کۆمیتەکان، هیوای سەرکەوتنی بۆیان خواست. هەروەها جەختی کردەوە، بەهۆی ئەوەی ئاڵوگۆڕەکان لە ناوچەکە خێران و لە ناوچەیەکی پڕ لە ئاڵۆزی سیاسین، کۆبوونەوەکان خێراتر بگیردرێن و ئەندامان لە دۆخی سیاسیی ڕۆژ ئاگادار بکرێنەوە.
لە درێژەی باسەکەیدا باسی لە ئیدئۆلۆژیی ڕێژیمی ئیسلامی کرد کە هیچ باوەڕێکی بە مافی نەتەوەکان، مافی ژنان، مافی کرێکاران، مافی ئایینە جۆراوجۆرەکان و خەباتی ئاشتیخوازانە نییە و هەر لە سەرەتاوە نیشانی داوە و جیهادی لە دژی گەلی کورد ڕاگەیاند و حیزبی دێموکرات لەو پیناوەدا نرخی زۆری داوە و ڕێبەرانی لەسەر مێزی وتووێژ شەهید کراون.
بەشێک لە وتەکانی لێپرسراوی گشتی لەم کۆبوونەوەیەدا:
"ڕێگای خەباتی ئێمە ڕوونە و بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆمان لە هەموو شێوازەکانی ڕەوای خەبات بە مافی بەرگریشەوە بە ڕەوای دەزانین و کەڵکی لێ وەردەگرین. دەرفەتەکان بۆ درێژەدانی خەبات لە پێشتر لەبارترە و خەڵک باشتر ماهییەتی کۆماری ئیسلامی هەم لە ناوخۆی ئێران هەم لە دونیای دەرەوە بۆ دەرکەوتووە و لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و بە سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش و دەستێوەردان لە وڵاتانی دراوسێ و پشتیوانی لە میلیشیا و گرووپە تێرۆریستییەکان ماهییەتی زیاتر ڕوون بووە و تەنانەت ئەو بەشە لە شیعەکانی وڵاتانی ناوچەش کە کۆماری ئیسلامی یارمەتییانی دەکرد، ئێستا کۆماری ئیسلامی بە سەرچاوەی ئاژاوە و شەڕ و ماڵوێرانی و برسێتیی خۆیانی دەزانن و بە دژی خۆپیشاندان دەکەن لە شارەکانی بەغدا و بەسرە و... تا ئێستا زۆر جار دژی دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە ڕێپێوانیان کردووە.
قەیرانەکان لە ئێران گەیشتوونەتە سەر ئێسقان و ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبن، وەک قەیرانی ئابووری، بێکاری، گرانی، تەڵاق و دەرمانی، تەنانەت ڕێککەوتنی بەرجامیش ناتوانێت لەو قەیرانانە دەربازی بکات، چونکە بەرنامە و کردەوەکانی ڕێژیم پێوەندییان بە ئیدئۆلۆژیی کۆماری ئیسلامییەوە هەیە، نەک چارەسەریی سەردەمییانەی قەیرانەکان و گەندەڵی لەو ڕێژیمە بووەتە سیستماتیک.
دەرفەتێکی دیکەی ئێمە بۆ خەباتمان مەوقعییەتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی باش و بەهێزی ئێمەیە و خەڵکەکەی ئێمە بە بیر و باوەڕتر بوون، هاتنی پۆل پۆل لاوان بۆ پێشمەرگایەتی و پەیوەستبوونی لاوان بە تەشکیلاتی حیزبەوە هەروەها پشتیوانیی بێدریغی خەڵک لە ڕۆژهەڵات دەرخەری ئەو ڕاستییەن، ئێمەیش بە بەرنامەی نوێ و ڕاگەیاندنی ڕاسانی ڕۆژهەڵات توانیومانە وڵامی ویست و داخوازییەکانی خەڵک بدەینەوە.
حیزبەکەمان بەڕۆژ و ئاپدەیت کردەوە و خەباتەکەمان جەماوەریتر کردووە، لەو ڕاستایەدا پەیاممان ئەوە بووە کە خەڵک بۆ خۆیان ببنە ڕزگاریدەر و پێشمەرگە ببێتە یارمەتیدەر، خەڵک نیشانیان داوە ئامادەن هەموو نرخێک بدەن بۆ ئەو خەباتە، بێگومان لەو ڕێگایەدا کەموکۆڕییەکانمان دەبینین و بە هاوکاری و پشتیوانیی یەکتر دەتوانین چارەسەری بکەین. ئێمە وێڕای ڕێزگرتن لە تێکۆشان و خەباتی پڕ لە شانازیی پێشمەرگە دێرینەکانمان و دەرسوەرگرتن لە ئەزموون و ڕابردوویان دەبێ بایەخی زیاتریش بدەین بە لاوەکانمان و سەرمایەگوزارییان لەسەر بکەین، چوون نەسڵێکی کاریگەرن.
ئێمە وێڕای هەوڵ و بەردەوامی لە خەباتی ئێستاماندا دەبێ بەرنامەشمان هەبێت بۆ پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، پێوەندیمان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێران باشە و لەگەڵ هیزە کوردییەکان توانیومانە ناوەندێکی هاوکاری پێک بێنین کە بێگومان کاریگەریی باشی هەبووە".
دواتر بەشداربووان بە ڕەخنە و پێشنیار باسەکەیان دەوڵەمەندتر کرد و سەرنج و تێبینییەکانیان باس کرد و لەلایەن لێپرسراوی گشتییەوە وڵامیان درایەوە.
لە بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکان، "تاهیر مەحموودی" چەند خاڵێک کە پێوەندیی بە ڕێکخستنەوە هەبوو وڵامی بەشداربووانی دایەوە.