کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات: ئیدعای وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران درۆیه

17:25 - 26 پووشپەڕ 2722

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە ئیدعای وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی گرووپێکی ١٠ کەسی درۆیە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە چەواشەکارییەکانی ئەم دواییانی دەزگای تێرۆری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی

هاونیشتمانە بەڕێزەکان

خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان

لەکۆتایی حەوتووی ڕابردوودا،  وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە دەزگای درۆسازییەکانی خۆیدا بڵاوی کردەوە کە توانیویانە گرووپێکی ١٠کەسیی ئەندام لە ڕایەڵکەیەکی تێرۆردا دەسبەسەر بکەن کە ئامانجیان هێرش و پەلامار بۆ سەر بنکەو بنیات و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی بوو.

 ئەم بەناو ڕاگەیاندنە لە ڕاستیدا، چەواشەی ڕاستی و بوختان‌سازکردنی سپایە بۆ بیانووی ئەو کردەوە دژی گەلییانەی زیاتر لە چل ساڵە لەم وڵاتەدا بەردەوامە بە مەبەستی سەپاندنی سزای قورس بەسەر کەسانی ناڕازی لەو ڕێژیمەدا. ئەگەرنا  ئەوە زۆر ئاشکرایە کە ڕۆژ نییە لاوەکان پەلکێشی زیندانەکان نەکرێن، کاسبکار بەرگولـلە نەدرێن، خەڵکی بێ‌ئازار لە شەقام و بازاڕ چاوترسێن و پەڕیوە نەکەن.


  دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕادەگەیەنێ ئەو کەسانەی بەو تاوانە دروستکراوە دەسبەسەر کراون وەکوو زۆر کەسی دیکە لە دەسبەسەرکراوەکانی کورد بە دوو مەبەست ئەو پەروەندەسازییانەیان بۆ دەکرێ کە یەکەم لە بێدادگاکاندا سزای قورسیان بەسەردا بسەپێنن، دووهەم لەم دۆخەی ئێستادا کە ڕێژیم زیاتر لە هەموو کات لەگەڵ ڕق و تووڕەیی خەڵکی ئێران بە تایبەت تێکۆشەرانی کورد لە کوردستانی ئێران بەرەوڕوو بووەتەوە و لە سیاسەتی دوژمنسازییەکەی دەرەوەی بەتەواوی دووچاری شکست بووەتەوە، خۆی بەهێز نیشان بدا و بەخەڵکی ناڕازیی نێوخۆ و دەرەوە بڵێ کە ئێستاش دۆخەکە لە کۆنترۆڵی خۆیدایە.

کۆماری ئیسلامی ئەوە باش دەزانێ کە هیچ ڕەواییەکی لە کوردستاندا نییە و سەرکوت و زەبروزەنگیش ئەم گەلە خەباتگێڕە بەچۆکداناهێنێ و گەلەکەمان باوەڕی بەوەهەیە کە ئازادی بێ فیداکاری و خۆبەخت کردن وەدەست نایا. هەر بۆیە سەرەڕای ئەو هەموو گرتن و ئەشکەنجە و تێرۆر و کوشتنەی کۆماری ئیسلامی لە پەلەقاژەی دەسەڵاتیدا ئەنجامی دەدات، هەروا سوور و شێلگیرە لەخەبات و تێکۆشان تا وەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانی.

بڕووخێ ڕێژیمی تێرۆریستـپەروەری کۆماری ئیسلامی
نەمان بۆ تێرۆریست و دام و دەزگای تێرۆر

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەزگای ڕێکخستنی گشتی
٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی