کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرداگرتنی داراییەکانی ڕێژیمی ئێران، پەسند کرا

13:02 - 27 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا گەڵاڵەیەکی پەسند کرد کە بڕی ١.٦٨ میلیارد دۆلار لە داراییەکانی ڕێژیمی ئێران دەستی بەسەردا گیرا.

مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا ڕۆژی چوارشەمە، لە مەجلیسی سێنای ئەو وڵاتە، بڕی ١.٦٨ میلیارد دۆلار لە داراییەکانی ڕێژیمی ئێرانی وەک غەرامەت بە قوربانییانی تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێران، پەسند کرد.

ئەو گەڵاڵەیە لە حەوت خاڵدا پەسند کراوە.

پێشتریش دادگای پێداچوونەوەی فێدێراڵی نیۆیۆرک لە بڕیارێکدا دژی ڕێژیمی ئێران، بەهۆی کردەوەی تێرۆریستیی ئەو ڕێژیمە لە لوبنان، بڕی ١.٦ میلیارد دۆلار پارەی لە داهاتەکانی بانکی ناوەندیی بلۆکە کردبوو.

ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی، دوو بارهەڵگری بۆمبڕێژکراو، لە دوو بنکەی سەربازیی ئامریکا و فەرانسه لە بەیرووت تەقینەوە و بوونە هۆی کوژرانی ٢٤١ سەربازی ئامریکایی، ٥٨ سەربازی فەرانسەوی، ٦ هاووڵاتیی مەدەنی و برینداربوونی ٧٥ کەسی دیکە.

هەر ئەو کات (ساڵی ١٣٧٥)، دەوڵەتی ئامریکا سپای قودسی ڕێژیمی ئێرانی بە دەستێدابوون لە تەقاندنەوەی بینای "ئەلخۆبەر" تاوانبار کردبوو.

ئەمە یەکەمجار نییە کە تاران بە تۆمەتی لەم چەشنە سزا دەدرێت؛ پێشتریش دادگای "لوکزامبۆرگ" لە ٢٢ی مارسی ساڵی ڕابردوودا، تارانی بەتۆمەتی دەستێدابوون لە هێرشە تێرۆریستییەکەی ١١ی سێپتامبر، بە بڕی ١ میلیارد و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار سزا دابوو.

هەر لە هەمان کاتدا، دادگای "مەنهەتەنی نیۆیۆرک" بڕیاری داخستنی بونیادی عەلەویی ڕێژیمی دەرکرد و دەستی بەسەر بیناکەیدا گرت کە نرخەکەی زیاتر لە ٥ میلیارد دۆلار بوو و ڕادەستی ئەو بنەماڵانەی کرد کە بەهۆی کردەوە تێرۆریستییەکانی تاران خەسارمەند ببوون.