کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرداگرتنی زەوی و مڵک لە کوردستان درێژەی هەیه

12:07 - 4 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: ناوەند و بنکە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستاندا؛ لە تاڵانکردن و دەسبەسەداگرتنی زەوی و لەوەڕگەکانی کوردستان بەردەوامن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، جیا لەوەی کە خۆیان سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان تاڵان دەکەن، ئەو کەسانەی کە گۆپاڵبەدەستی خۆیانن، لە ڕێگای ئەوانەوە دەست بەسەر زەوی و زاری کوردستاندا دەگرن.

چالاکانی ژینگەپارێزیی لە کوردستان، ئەگەرچی لەم بارەوە بەردەوام هۆشداری دەدەن، بەڵام ئەو ڕەوتە درێژەی هەیە.

لەم پێوەندییەدا کەسانی هەلپەرست و سەر بە ڕێژیمیش بە لەنێوبردنی دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان زەوی داگیر دەکەن.

هەواڵنیری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەو بارەوە باس لەوە دەکات، لە گوندی "نێـ"ـی مەریوان، کەسانێکی هەلپەرست دەستیان داوەتە لەنێوبردنی دارستانەکانی ئەو ناوچەیە و لێڕەوارەکانی دەستی بەسەردا دەگرن.

ماوەیەک لەمەوبەر دارستانێکی کۆن لە گوندی "مەڕانە"ی مەریوان، کە یەکێک لە کۆنترین دارستانەکانی ناوچەکە بە ئەژمار دێت و زیاتر لە سەد ساڵ تەمەنیەتی، بە هۆی کەڵکوەرگرتنی نادروست لە دارستانەکە و ئاوڕ نەدانەوەی بەرپرسانی پێوەندیدار بەو بابەتە و گرینگی نەدانی خەڵکی ناوچەکەش بەرەو لەنێوچوون دەڕوات.

لەو ساڵانەی ڕابردوودا، زیاتر لە نیوەی ئەو دارستانە داگیر کران و لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە دەستی بە سەردا گیراوە و بە لێدانی تۆڕ، ڕێگەی دەسپێڕاگەیشتنی خەڵکی دیکە بە دارستانەکان دەگیردرێت.

وشکەساڵی، هەبوونی گەردیلەی زیانبەخشی هەوا و ئاگرکەوتنەوە و هەروەها کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پێوەندیداری ڕێژیمی ئێران لە گرینگیدان بە ژینگە، کۆمەڵێک هۆکاری دیکەی وشکبوونی دارستانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتن.