کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردن و بانگهێشتی کرێکارانی ناڕازی بەردەوامە

11:22 - 29 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: هێشتا ٣٠ کرێکاری ناڕازیی فوولادی ئەهواز ئازاد نەکراون، کرێکارانی نیشکەری هەفت‌تەپە بانگهێشتی دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئێران کراون.

کرێکارانی فوولادی ئەهواز و هەفت‌تەپە زیاتر لە مانگێکە، بە هۆی دواکەوتنی مووچەکانیان و هەروەها نەدانی بیمەکەیان لە لایەن خاوەنکارەکانیانەوە، بە شێوەی بەرین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوە دەبەن، بەڵام هێشتا لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە نەک کێشەکەیان چارسەر نەکراوە، بەڵکوو نزیک بە ٤٠ کەسیشیان لێ دەسبەسەر کراوە.

لە ٤١ کرێکاری دەسبەسەرکراوی فوولادی ئەهواز، تەنیا ١١ کەسیان بە شێوەی کاتی ئازاد کراون و لەم بارەوە کاناڵی تێلێگرامیی کرێکارانی فوولادی ئەهواز، ئازاد نەکردنی کرێکارانی دیکەی بەپێچەوانەی ڕێککەوتن و پێبەندبوونی بەرپرسانی دەوڵەتی زانیوە.

پارێزەری داکۆکیکار لە مافی کرێکاران، ناڕەزایەتیی ئەم کرێکارانەی بە داواکارییەکی تەواو سێنفی و کرێکاریی ناو بردووە و باسی لەوە کردووە کە بە دوای ئازادکردنی کرێکارانی دیکەوەن.

ئەگەرچی بەپێی وتەی پارێزەری ئەم کرێکاران، داواکارییەکانیان لە چوارچێوەی یاسا و بۆ پێڕاگەیشتن بە داخوازییە سەرەکییەکانیان لە لایەن خاوەنکارەکانیانەوە بووە، بەڵام لە لایەن خاوەنکارەکانیان کە لە بەرپرسانی رێژیمن، هیچ ئاوڕێک لە داخوازییەکانیان نەدراوەتەوە و تەنانەت زیندان و بانگهێشتی دەزگا قەزایییەکانی ڕێژیمیش دەکرێن.

هەر بەپێی وتەی پارێزەری ئەم کرێکارانە، دەزگای قەزاییی ڕێژیم لە ئەهوازدا، تەنانەت ئامادە نەبووە بارمتە بۆ ئازادکردنی کرێکاران وەربگرێت و خۆی لە ئازادکردنیان بواردووە و ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی سەرماوەز، دادستانی خووزستان وتوویەتی: هێندێ لەم کرێکارانە بۆ "ڕێنوێنی و بارهێنان ماوەیەک لە زیندان دەمێننەوە.

لە ڕوانگەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، هەر کەسێک لە بەرانبەریان ڕاوەستێت و داوای مافەکانی خۆی بکات، کەسێکی بەلاڕێچووە و بۆ چاککردنی دەبێت ماوەیەک لە زیندانەکانی ڕێژیم بە ئەشکەنجە و  ئازاردان ڕێنوێنی بکرێت.