کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی چالاکانی ئەهوازی بەردەوامە

16:10 - 22 سەرماوەز 2720

ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ئەهواز ڕایگەیاندووە کە شەپۆلی دەسبەسەرکردنی ژنانی چالاکی عەرەبی ئەهوازی بەردەوامە و ڕێژیم سەبارەت بەو دەسبەسەرکردنانە تا ئێستا هیچ زانیارییەکی بڵاو نەکردووەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ئەهواز "ئەهرۆ" ڕێکەوتی ٢١ی سەرماوەز، لە بەیانییەیەکدا ڕایگەیاندووە کە شەپۆلی دەسبەسەرکردنی ژنانی چالاکی عەرەبی ئەهوازی درێژەی هەیە و بە دەسبەسەرکردنی ٤ ژنی دیکە ڕێژەی دەسبەسەرکراوان گەیشتووەتە ٧ کەس کە ٥ کەسیان ژنن.

"ئەهرۆ" ڕایگەیاندووە کە بەشێک لەو ژنانە مامۆستای قوتابخانە بوونە و بۆ وانەوتنەوە بە منداڵانی بەجێماو لە خوێندن لە ناوچە پەراوێزخراوەکاندا چوونە.

ڕێژیم تا ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تاوانی دەسبەسەرکراوان زانیارییەکی بە دەستەوە نەداوە و هەوڵی بنەماڵەکانی دەسبەسەرکراوان بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان بێ ئاکام ماوەتەوە.

پێشتر کاتێک یەکێک لەو چالاکانە بە ناوی "فاتیمە تەمیمی" چالاکی مەدەنیی عەرەب لە بەشی "جەڕاحی مەعشوور" دەسبەسەر کرا، شورای بەڕێوەبەریی خێڵی تەمیمییەکان بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەک، هەوڵی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمیان بۆ دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە مەدەنییە بەتوندترین شێوە مەحکووم کردووە.

خێڵی "بەنی تەمیم" داوایان لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە کۆتایی بە "سەرکوت و داخستنی زاری چالاکان" بهێنن و بەرپرسایەتیی هاتنەپێشی هەر کێشەیەک بۆ "فاتیمە تەمیمیـ"ـیان بۆ ڕێژیمی ئێران گەڕاندووەتەوە.