کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی چەند هاووڵاتییەکی پارێزگای سیستان و بەلووچستان

12:02 - 19 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: ئیتلاعاتی سپای پاسداران، چەند چالاکی بەڵووچستانیی، بە تاوانی پێوەندی لەگەڵ ڕاگەیاندنە دەرەکییەکان دەسبەسەر کردووە.

ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی پووشپەڕ، هەواڵی دەسبەسەر کردنی چەند کەسی لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان پشتڕاست کردووەتەوە.

ناوەندە ئەمنییەتییەکان، ئەم کەسانەیان وەکوو: "بەرێوبەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەر بە دژبەران" ناو هێناوە، کە بە وتەی ئەو ناوەندانە، زۆربەیان بە ڕاکێشان و ڕاهێنانی کۆمەڵێک لاوی ناشارەزا، هەوڵی بڵاوکردنەوەی درۆ و ئەو بابەتانەی دەدەن، کە مەترسی بۆ سەر یەکیەتیی خەڵکی ئێران دروست دەکات.

هەرچەندە سپای پاسدارانی ڕێژیم و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم، لەوەتەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێراندا پەرەیان سەندووە، بەردەوام هاووڵاتییانی ئێرانیی، بە تۆمەتی پێوەندی و هاوکاریی لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانی دەرەوەی ئێران دەسبەسەر دەکەن، بەڵام پاش سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی ئێراندا ئەم ڕەوتە چەند قات بووەتەوە، کە هەموو دەسبەسەرکراوان ئەو تۆمەتانەیان بە ناڕەوا و درۆ زانیوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، پارێزەرێک لە ئیسفەهاندا ڕایگەیاندووە، کە لەم پارێزگایە دەیان ئەدمینی کاناڵە تێلێگرامییەکان بەو بانگەشە بە دژی ڕێژیم، بانگهێشتی دادگوستەریی ئەو شارە کراون.